كاریگەری كۆرۆنا لەسەر ئەو كەسانەی فشاری خوێنیان هەیە

تەندروستی

07/06/2020‌ 776 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمەڵەیەكی زانستی نێودەوڵەتی ئاشكرایكرد، ئەو كەسانەی فشاری خوێنیان هەیە و تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، ئەگەری مردنیان دوو هێندەی كەسانی ئاساییە.

گۆڤاری European Health Journal بڵاویكردووەتەوە، توێژەران  لە پێنجی مانگی یەكی ئەمساڵەوە، تا پانزەی مانگی سێ، لە نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە كۆرۆنا توێژینەوەیان لەسەر 2877 نەخۆش كردووە، دەركەوتووە ئەو كەسانەی فشاری خوێنیان هەبووە و تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، ڕێژەی مردنیان %4 بووە، واتا لە 850 كەسدا 34 كەسیان مردوون، لەكاتێكدا ئەو كەسانەی فشاری خوێنیان نییە، ڕێژەی مردنیان %1.1 ە، واتا لە 2027 كەسدا 22 كەس مردوون.

هەورەها توێژەران ئاماژەیان بەوە كردووە، ئەو كەسانەی فشاری خوێنیان بەرزە و چارەسەریان بەكارنەهێناوە، ڕێژەی مردنیان بەڤایرۆسی كۆرۆنا 7.9% بووە واتا لە 140 كەسدا 11 كەس دەمرن.

توێژەران دەڵێت: دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەم توێژینەوانەوە، ئەو كەسانەی فشاری خوێنیان هەیە بەردەوام بن لە بەكارهێنانی چارەسەر، هەروەها هەركات پێویست بوو بە پێی ڕەچەتەی پزیشك چارەسەرەكانیان بگۆڕن

وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ