ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوسەرگیری نهێنی پیاوانی سعودییەی ئاشكراكردووە

هەمەڕەنگ

07/06/2020‌ 852 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی "میدڵ ئێست مۆنیتەر"ی بەریتانی، لەدوای بڵاووونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سەپاندنی كەرەنتینە و قەدەغەی هاتووچۆ، لەیەك جیابوونەوەی هاوسەران لە سعودییە بەڕێژەی ٣٠٪ زیادیكردووە، ئەویش دوای ئەوەی دەركەوتووە ژمارەیەكی زۆر لە پیاوانی سعودییە ژن و خێزانی تریان هەیە .

بەگوێرەی راپۆرتەكەی رۆژنامە بەریتانییەكە لەگەڵ ئەوەی رێژەی هاوسەرگیریكردن بەراورد بەساڵی رابردوو بەڕێژەی ٥٪ زیادی كردووە، بەڵام جیابوونەوەش بەڕێژەیەكی زۆر زیادی كردووە بەجۆرێك گەیشتووەتە ژمارەیەكی پێوانەیی و ٣٠٪ زیادی كردووە .

باس لەوەش كراوە، بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی دادی سعودییە،  ٥٢٪ ی داواكاریی و حاڵەتەكانی جیابوونەوە لە هەردوو شاری مەككە و ڕیازی پایتەخت تۆمار كراوە، تێبینیش كراوە زۆرینەی ئەو ئافرەتانەی داوای جیابوونەوە لەهاوسەرەكانیان دەكەن، كە ژنی تریان هەیە، پزیشك و  ژنە فەرمانبەر و خاوەن كار و ئافرەتی دیاری ناو كۆمەڵگەن .

بەگوێرەی یاسای باری كەسێتی سعودییە فرەژنی ڕێگەپێدراوە، تەنانەت لەماوەی رابردوودا بەشێك لە چالاكانی سعودییە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر هەڵمەتێكیان دەستپێكرد، كە تێیدا داوایان دەكرد فرەژنی لەو وڵاتە بكرێتە ناچاری، كە كاردانەوەیەكی زۆری لەنێوان پشتیوانیكردن و رەتكردنەوە لێكەوتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی