لەدانوستانی ستراتیژیدا لەگەڵ ئەمریكا عێراق دوو بژاردەی لەبەردەمدایە

جیهان

07/06/2020‌ 712 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دایڤید شینكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: لە دانوستانی ستراتیژی داهاتووی نێوان واشنتۆن و بەغدا، حوومەتی عێراق دوو بژاردەی لەبەردەمدایە، هەروەك داواش لەسەركردە عێراییەكان دەكات وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری رەفتار بكەن.

شینكەر لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆڕێكی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەراست، كە لەڕێگای ئۆنلاینەوە ڕێكخرابوو وتی: دانوستانی ستراتیژی نێوان ئەمەریكا و عێراق بۆ نوێكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.

بەقسەی شینكەر دانوستانی ستراتیژی نەخشەی ئایندەی پەیوەندییەكان و بوونی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەعێراق دەكێشێت‌و وتیشی: دانوستانەكە ڕێگەمان پێدەدات بژاردەی قورس بخەینە بەردەم سەركردە عێراقییەكان، ئەویش ئەوەیە یان دەبێت عێراقییەكان وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری رەفتار بكەن، كە ئەوكات پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بەردەوام دەبن و سوود و كەڵكێكی زۆریشی بۆ عێراق دەبێت، ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنێن ئەوە ناتوانین پارێزگاری لە پابەندییەكانمان بكەین یان لە عێراق بمێنینەوە.

لەدرێژەی قسەكانیدا شینكەر روونیكردووەتەوە، كە ئەمەریكا ئامانجی ئەوەیە نەك هەر لە بواری ئەمنیدا بەڵكو لە لایەنی سیاسی و ئابووریدا هاوبەشی عێراقییەكان بێت، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەو هاوبەشییە پێویستی بەوەیە، كە دەبێت عێراقییەكان وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری رەفتار بكات، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە هێزە بیانییەكانەوە، لەبەر ئەوەی دارودەستەكانی ئێران هەڕەشە لەسەلامەتی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و فەرمانبەرە دیبلۆماسییەكان دەكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆعەبدوڵڵا ئاڵی