چەكدارە بیانییەكان‌و داھاتووی دەستپێشخەرییەكەی میسر بۆ چارەسەركردنی قەیرانی جەنگ لەلیبیا

لە میدیاکانەوە

16/06/2020‌ 856 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لەدوای بێدەنگی و بێھەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە دەستتێوەردانی سەربازی توركیا لە لیبیا و قووڵتربوونەوەی ناكۆكییەكان و بەردەوامی قەیرانی جەنگ لەو وڵاتەدا، میسر دەستپێشخەرییەكی نوێی بۆ كۆتاییپێھێنانی قەیرانی جەنگ لە لیبیا خستەڕوو.

هاوكات میسر بانگھێشتی لایەنە ناكۆك و بەشەڕھاتووەكانی ناوخۆی لیبیای كرد بۆ ئەوەی لەسەر مێزی ئاشتی و گفتوگۆ دابنیشن. 

لەگەڵ ئەوەشدا، ھەقیقەتی بارودۆخی ناوخۆی لیبیا دەریدەخات، كە وێڕای بوونی سنووری فراوانی ھاوبەشی میسر لەگەڵ لیبیادا و كاریگەری و ھەژموونی جۆراوجۆری سیاسیی، ئابووریی و سەربازی میسر لەو وڵاتەدا، بەڵام بەبێ ھاوكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەوا میسر توانای جێبەجێكردنی ئەو پرۆژە و دەستپێشخەرییە پێشنیازكراوەی نییە لەلیبیادا و ناشتوانێت لایەنە ناكۆكەكانی ناوخۆی لیبیا قایل بە دانیشتن لەسەر مێزی دانوستاندن بكات. 

سەرباری ئەمانەش، ئامادەیی ئەو چەكدارە بیانییانەی، كە لەلایەن توركیاوە لە سوریاوە بۆ لیبیا گوێزراونەتەوە، بە ئاستەنگێكی دیكەی گەورەی بەردەم راگەیاندنی ئاگربەست و دەستپێكردنی گفتوگۆ لە لیبیادا ھەژمار دەكرێن و بە دووریش دەزانرێت، كە ھێزە چەكدارەكانی سەر بە ئەنقەرە ھەروا بە ئاسانی خاكی لیبیا جێبھێڵن.

ئەگەرچی دەستپێشخەرییەكەی میسر لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ژمارەیەك دەوڵەتی گەورەی وەك روسیا و ئەمریكا پێشوازی لێكرا، بەڵام لەھەمان كاتیشدا، ھەریەك لە توركیا و حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لە تەڕابلووس دژایەتی خۆیان بۆ دەستپێشخەرییەكەی میسر راگەیاند و جەختیان لەسەر بەردەوامیدان بە ستراتیژییەتی سەربازیی بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی جەنگ لە لیبیا كردەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە زۆربەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك رێكخراوی نەتەوە یەیكگرتووەكان، یەكێتی ئەورپا، كۆمكاری عەرەبی و ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی لە كۆنگرێسی ئەمریكا پشتیوانی خۆیان بۆ دەستپێشخەرییەكەی میسر دەربڕی و رایانگەیاند، كە قەیرانی شەڕ و ناكۆكییەكانی لیبیا دەبێت تەنیا لەڕێگەی گفتوگۆ سیاسییەكانەوە چارەسەر بكرێن. 

ھەڵبەتە پێویستە رۆڵی تەواوی پارتە سیاسی و ئاڕاستە جیاوازەكانی كۆمەڵگەش لە دانوستاندن و گفتوگۆ ئاشتییەكاندا لەبەرچاو بگیرێن و رێزیش لە مافەكانی گشت ھۆز و پێكھاتە كەمینەكان بگیرێت بۆئەوەی لیبیا بتوانێت زۆر بەسەركەوتووانە لەو تەنگژە ھەنووكەییە ناوخۆییەی كە تێیكەوتووە رزگاری ببێت.

لەلایەكی دیكەوە، پێویستە ھەریەك لە وڵاتانی وەك سعودییە و ئیماڕاتی یەكگرتووی عەرەبی و میسر، كە دەتوانن رۆڵێكی ئەرێنی لەچارەسەركردنی قەیرانی لیبیادا بگێڕن، ئەوا فشار بخەنە سەر لایەنە ناكۆكەكانی لیبیا تا ئاگری شەڕ لەو وڵاتە دابمركێتەوە و زەمینەی گەیشتن بە رێگەچارەی ئاشتی و سەقامگیریش فەراھەم ببێت. بێگوومان مۆسكۆش، كە لەگەڵ ھەردوو بەرە ناكۆكەكەی لیبیادا لە پەیوەندییەكی باشدایە، ئەوا ھەوڵدەدات بەئامانجی فراوانخوازیی و تووندووتۆڵتركردنی پێگەی خۆی لە ناوچەی باكووری ئەفریقا، رۆڵی لە چارەسەركردنی قەیرانی جەنگ لە لیبیادا ھەبێت و لە تواناشیدایە ھەریەك لە حكومەتی ویفاقی نیشتمانی و سوپای نیشتمانیی لیبیا قایل بكات بۆئەوەی ھەردوولا دەستپێشخەرییەكەی میسر بۆ كۆتاییپێھێنانی ناكۆكی و قەیرانی جەنگ لە لیبیا قەبووڵ بكەن.

وەرگێڕان: كارێز قادر