ئەمەریكا و توركیا بۆ گەڕانەوەی چوار سیاسییە سوننە تۆمەتبارەكەی عێراق گوشاریان لەبەغدا كردووە

لە میدیاکانەوە

22/06/2020‌ 1941 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
عامر فائیز ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە دەستتێوەردانێكی ئەمەریكی و توركی هەیە بۆ ئەوەی ئەو چوار سیاسییە سوننەی لەلایەن داداگای عێراقییەوە داواكراون، بگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق و دادگا ئەستۆپاكیان بسەلمێنێت.

لەو بارەیەوە فائیز بەپێگەی "Today News" ی وتووە، كە هەوڵێك هەیە هەریەك لەتۆمەتباران تاریق هاشمی و رافیع عیساوی و عەلی حاتەم سلێمان و ئەسیل نوجەیفی، كە لەلایەن دادگای عێراقییەوە داواكراون، بۆ ئەوەی بەسیفەتی سیاسی بگەڕێنەوە بۆ عێراق، روونیشی كردووەتەوە، كە گەڕانەوەی ئەو كەسانە و هەوڵدان بۆ سەلماندنی ئەستۆپاكیان لەبەردەم دادگا لەلایەن ئەمەریكا‌و توركیاوە پشتیوانی لێدەكرێت.

بەقسەی ئەو پەڕلەمانتارەی عێراق، گەڕانەوەی عیساوی بۆ عێراق وەك سەرەتایەكە بۆ ڕێخۆشكردنی گەڕانەوەی سێ تۆمەتبارەكەی تر، بەتایبەت كە ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی یەك لەدوای یەك لەبەردەم دادگا ئامادەبن، هەموو ئەمانەش لەماوەی رابردوودا ڕێكخراون تا بەسیفەتی سیاسی دۆسییەكانیان یەكلاییبكرێتەوە .

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە بۆردومانی خاكی عێراق لەلایەن توركیاوە پەیوەندییەكی بەهێزی بەو پرسەوە هەیە و ئەو وڵاتە دەیەوێت پرسی ئەو چوار سیاسییە یەكلاییببێتەوە، تا بگەڕێنەوە بۆ ناو عێراق.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی