كۆتایی مانگی ھەنگوینی ئێران و روسیا لە سوریا

لە میدیاکانەوە

24/06/2020‌ 1174 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێك لەو پرسانەی، كە جیاوازی و ناكۆكی خستووەتە نێوان سیاسەتی ئێران و روسیا لە سوریا بریتییە لە جیاوازی دیدگا و تێڕوانینی تاران و مۆسكۆ بەرانبەر بەنیگەرانی و دڵەڕاوكێ ئەمنییەكانی ئیسرائیل لە ھەمبەر بەردەوامی قورسایی‌و ئامادەیی ئێران لە سوریا.

 ئیسرائیل چەندین جار دووپاتیكردووەتەوە، كە مۆڵەت بە بەردەوامی بوونی سەربازیی ئێران لەسوریا نادات، ھەربۆیە فڕۆكە سەربازییەكانی ئیسڕائیل چەندین جار پێگەی ھێزە ئێرانییەكان‌و میلیشیا چەكدارەكانی ھاوپەیمان و نزیك لەئێرانیان لە سوریا كردووتە ئامانج. 

لە لایەكی دیكەوە، روسیا لەكاتێكدا سیستەمگەلێكی بەرگریی دژە ئاسمانی لە سوریادا جێگیر كردووە، بەڵام ئەو سیستەمانە بۆ بەرگریكردن لەپێگەی ھێزە ئێرانی و گروپە چەكدارەكانی نزیك لەو وڵاتە بەكار ناھێنێت، تەنانەت ئەمە لەكاتێكدایە، ئێران بانگەشەی ئەوە دەكات، كە لەسەر خواست و داوای حكومەتی سوریا ھاتووەتە نێو ئەو وڵاتەوە و ھەر تەنیا لەسەر داوای ئەویش خاكی ئەو وڵاتە جێدەھڵێت، بەڵام روسیا خوازیارە، تەواوی ھێزە بیانییەكان لەخاكی سوریا بچنە دەرەوە.

ئێستا لەبارودۆخێكی ئاوادا ئەو پرسیارە لەناو بەرپرسان، لێكۆڵیاران و میدیاكارانی ئێرانی ھاتووەتە ئاراوە، كە روسیا لەئێستادا چ جۆرە یارییەك لەگەڵ ئێراندا دەكات، ئاخۆ روسیا ھاوكاری ئێرانە یاخود نەیاری ئێرانە؟

بەھرۆز بونیادی نوێنەری خەڵكی شاری كاشمەر لەپەرلەمانی ئێران، كە یەكێكە لە رەخنەگرە سەرسەختەكانی سیاسەتەكانی روسیا، لەو بارەیەوە دەڵێت :پۆتین و ئەسەد، كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەنە قوربانی». 

ناوبراو بەشێوەیەكی تووندتر رەخنە دەگرێت و دەڵێت: «بەشار ئەسەد بەتەواویی پیسی و چەپەڵییەكانییەوە پێگەی خۆی لای پۆتین بەھێزتر كردووەو تەنانەت ئامادەیی شەھیدانی بەرگریكاری حەڕەم لەسوریا لەبەرچاو ناگرێت و ھەندێكجاریش بەكەم لێیان دەڕوانێت». 

ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی ئەوە دەكات، پۆتین و ئەسەد، كۆماری ئیسلامی ئێران لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیان و بنیامین ناتانیاھۆی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا دەكەنە قوربانیڤ.

رەخنە و گازندەی ئێرانییەكان لە بێھەڵوێستیی و سیاسەتەكانی روسیا بەرانبەر بە ھێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی ئێران و ھێزە ھاوپەیمانەكانی لەسوریا تووندتر و زبرتر بووە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی