گەشتكردن بەفڕۆكە بۆ ئیتاڵیا ناچارت دەكات پابەندی‌ بڕیارێك بیت

هەمەڕەنگ

28/06/2020‌ 200 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەوانەی گەشت بۆ ئیتاڵیا دەكەن، لەمەودوا ناتوانن شوێنی هەڵگرتنی جانتاكانی پشت سەریان لەناو فڕۆكە بەكاربێنن، چونكە دەسەڵاتدارانی فڕۆكەوانی مەدەنی ئیتاڵیا پێیانوایە ئەو كارە مەترسییەكی تەندروستی گەورە لەخۆ دەگرێت‌.

بڕیارەكە‌ فرمانێكی حكومییەو بەهۆی ترسان لەتەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای كوشندەوە دراوە، گەشتیاران ناچار دەكات تەنیا جانتایەكی بچووكیان پێبێت، كە دەتوانن لەژێر كورسییەكەی‌ پێش خۆیانی دابنێن.

ئامانجی بڕیارەكە بەریەكنەكەوتنی گەشتیاران و سنوورداركردنی جوڵەیانە لەناو فڕۆكەكەدا.

دەسەڵاتدارانی مەدەنی فڕۆكەوانی ئیتاڵیا جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە پێویست نییە گەشتیاران بڕەپارەیەكی سەربار بدەن لەبەرانبەر تۆماركردنی جانتاكانیاندا.

سەندیكای "كۆداكۆنز"ی ئیتاڵی بۆ پاراستنی بەكاربەران پێشوازییان لەو بڕیارە كردووە، پێشیانوایە دەتوانێت بەر لە پشێوی و پاشاگەردانی‌ ناو فڕۆكەكە بگرێت، كە جاروبار ڕوودەدات كاتێك گەشتیاران جانتاكانیان لەژوور سەری خۆیان دادەنێن.

سەندیكاكە ئەوەشی راگەیاند، ئیتاڵییەكان لەو ڕووەوە لە هەموو گەشتیارە ئەوروپییەكانی دیكە ناڕێكخراوترن، ئەوان دەبنە هۆی دواكەوتنی گەشتەكان‌و قەڕەباڵغی ڕیزەكانی گەشتیاران، ئەمانەش مەترسی تەشەنەكردنی پەتاكە زیاتر دەكەن.

ئیتاڵیا یەكەم دەوڵەتی ئەوروپی بوو، كە حاڵەتی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا تێدا تۆمار كرا، تا ئێستاش (34000) كەس لەو وڵاتە بە ڤایرۆسەكە مردوون.

سەرچاوە: SKY NEWS  عەرەبییە
وەرگێران: دیاكۆ لوقمان حاجی