چیرۆكێكی خەمناك.. 26 ساڵ رێگەیان نەداوە كچەكەیان لەماڵ بێتەدەرەوە

هەمەڕەنگ

30/06/2020‌ 1241 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەمدواییە دەزگاكانی راگەیاندنی روسیا باسیان لە چیرۆكی ئافرەتێك كردووە، كە ٢٦ ساڵە لەماڵ نەچووەتە دەرەوە، ئەویش لەبەر ئەوەی دایكی ڕێگەی نەداوە و ویستوویەتی لەمەترسییەكانی جیهانی دەرەوە بیپارێزێت. 

نادیژدا پوشویڤای تەمەن ٤٢ ساڵ ، لەوكاتەوەی تەمەنی ١٦ ساڵ بووە لەماڵەكەیان لە گوندی ئارڤینسكی لە رۆژئاوای روسیا نەهاتووەتە دەرەوە، تاكە هۆكاری هاتنەدەرەوەشی نەخۆشكەوتنی دایكی و پێویستی چوونی بۆ نەخۆشخانە بووە.

بەگوێرەی قسەی كچەكە ماوەی ١٢ ساڵ دەبێت قژی نەشووشتووە، زۆر لەپێشتریشەوە جلوبەرگەكانی نەگۆڕیوە.

دراوسێكانی دەڵێن: تاتانیای دایكی كچەكە زۆر خەمی پاراستنی كچەكەی بووە، لەپۆلی هەشتەوە ڕێگەی نەداوە نادیژدا لەگەڵ هاوڕێ هەرزەكارەكانی تری بڕواتە دەرەوە، دوای دوو ساڵی دوای ئەوە ڕێگەی نەدا بجێتە قوتابخانەش، دایكی ڕێگەی نەدەدا هیچ كەسێك دەست لە ژیانیان وەربدات و بەردەوام دەیوت، كە ئێمە باشین و پێویستمان بە یارمەتی كەس نییە.

نازانرێت نادیژدا چۆن لەگەڵ ئەو ژیانە تازەیە راهاتووە و توانیویەتی ئەو هەموو ماوەیە لەماڵ نەیەتە دەرەوە، بەڵام هەموو هاوڕان لەسەر ئەوەی، كچەكە بەرە بەرە بەو ستایلە ژیانە راهاتووە و دوای ماوەیەكیش خەڵكی گوندەكە وازیان لەوە هێناوە پرسیاری كچەكەی لێبكەن.

نادیژدا دوای ٢٦ ساڵ دابڕان، بەهۆی نەخۆشكەوتنی دایكییەوە ناچار بوو لەماڵ بێتەدەرەوە، خەڵكی گوندەكەش بەبینینەوەی تووشی شۆك بوون كاتێك، ئەوەی زیاتر ئەوانی تووشی سەرسامی كردووە وردەكاری ژیانی كچە و دایكییەتی، كە بۆ چەندین ساڵ بەیەكەوە لەگەڵ پشیلەكان نانی خواردووە و لەگەڵ دایكی و ئەو پشیلانەی ژمارەیەكی زۆریان لێمردوون لەسەر یەك جێگا خەوتوون.

لەئێستادا لەگەڵ ئەوەی حەزی لێیە ببێتە خاوەنی پاسپۆرت، بەڵام هێشتا هیچ خواستێكی پیشان نەداوە بۆ ئەوەی ستایلی ژیانی بگۆڕێت، لەو بارەیەشەوە لاریسا میخیفا خانمە بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە ناوچەكە وتویەتی: ناتوانین لەم تەمەنەدا كچەكە ناچار بكەین بچێتە ناو پرۆسەی دووبارە شیاندنەوە، تەنانەت ئەو ئامادە نییە هیچ جۆرە یارمەتییەكیش وەربگرێت و دەڵێت: ئەو حەزی لەو شێوە ژیانەیە كە لەسەری راهاتووە.

بەگوێرەی پێگەی ئۆدیتی سێنتراڵ، دەرو دراوسێ پێشنیازی ئەوەیان بۆ كردووە، كە لانیكەم  تا دایكی لەنەخۆشخانە دێتەوە با ماڵەكەی بۆ پاك بكەنەوە، كەچی نادیژدا ئەوەشی رەتكردووەتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی