ئەو باجەی خراوەتە سەر كارتەكانی مۆبایل دەچێتە گیرفانی كۆمپانیاكانەوە

ئابوری

02/07/2020‌ 1295 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لیژنەی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق ئاشكرایكردووە، كە لەساڵی ٢٠١٥ وە  كۆمپانیاكانی بواری گەیاندن ئەو باجەیان نەداوە حكومەت، كە خراوەتە سەر كارتەكانی پڕكردنەوەی باڵانسەكانی مۆبایل.

لەو بارەیەوە ئەسوان سالم كلدانی ئەندامی لیژنەكە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی " لەساڵی ٢٠١٥ وە، بەمەبەستی پشتیوانیكردنی گەنجینەی گشتی، حكومەتی عێراق باجی خستە سەر كارتی پڕكردنەوەی باڵانسەكانی مۆبایل، دواتریش ئەنجوومەنی نوێنەران بەپێی یاسای بودجە دەنگی لەسەردا، بەڵام  لەگەڵ ئەوەی لەوكاتەوە كۆمپانیاكان كارتەكانیان لەسەر گیرفانی هاووڵاتیان گران كردووە، بەڵام پارەكە چووەتە گیرفانی خۆیان و حكومەت هیچ بڕێك لەو باجەی وەرنەگرتووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ئەو قەرزەی بەو هۆیەوە كەوتووەتە سەر كۆمپانیاكان دەگاتە نزیكەی ١٠٠ ملیار دینار، جگە لەوەی ئەو كۆمپانیایانە دەیان سكاڵایان لەسەرە، بەڵام بەهۆی ئەو گوشارانەی  لەبەرژەوەندی كۆمپانیاكان دەكرێت، هێشتا هیچیان یەكلایی نەبوونەتەوە .

كلدانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە لەگەڵ ئەوەی عێراق بە قەیرانێكی دارایی قووڵدا تێپەڕ دەكات، بەڵام كۆمپانیاكان بەردەوام خۆیان لەباجدان دزیوەتەوەو هەوڵیانداوە قەرزەكانی سەریان تاكاتێكی نادیار نەدەنەوە، لەكاتێكدا دەتوانرا لەڕێگای وەبەرهێنانی ئەو پارەیەوە دۆخی دارایی باشتر بكرێت .

هەروەك عودەی شەعلان ئەبولجون ئەندامی لیژنەكە، لایەنە دەسترۆیشتووەكانی تۆمەتباركردووە بەوەی لەپشتی كۆمپانیاكانەوەن و هانیان دەدەن بڕیارەكانی حكومەت پشتگوێ بخەن و ئەو قەرزانەی لەسەریانە نەیدەنەوە.

ئەبولجون داوای لە لایەنە جێبەجێكارییەكان كردووە رێكاری پێویست بەرانبەر بەو كۆمپانیایانە بگرنەبەر و ناچاریان بكەن ئەو قەرزانە بدەنەوە، كە لەسەریانە، ئەوە جگە لەوەی لەڕێگای ئەو داهاتەی لەو كەرتەوە بەدەست دێت كار بۆ باشكردنی كەرتی پەیوەندییەكان و ئینتەرنێت بكرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی