"هەرێم لەڕێی هەواڵگرییەوە پشتیوانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا دەكات؟"

کوردستان

04/07/2020‌ 1523 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی میدیایی عێراقی، سوپای توركیا پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی "چڕنووكی پڵنگ” بۆ سەر پێگەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەناوچەی حەفتانین، پارتی دیموكراتی كوردستان زانیاری هەواڵگری لەبارەی شوێن‌و پێگەكانی ئەو هێزانە داوەتە لایەنی توركی .

بەپێی ئەو سەرچاوانە ئەنقەرە پێشنیازی ئەوەی خستووەتە بەردەم دەسەڵاتدارانی هەولێر بەوەی لەبەرانبەر پێدانی زانیاریی لەسەر پێگەكانی پارتی كرێكاران لە خاكی هەرێمدا، ئەو وڵاتە هاوكاری دارایی و ئابووری دەداتە حكومەتی هەرێم.

سەرچاوەكان روونیشیانكردووەتەوە، كە سەرۆكی توركیا دەیەوێت ئەو دۆخە ئابوورییە خراپەی هەرێم و عێراق، كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە هاتووەتە پێش بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی بقۆزێتەوە.

ئەو سەرچاوانە بەڵگەی بێچەندو چوونیان نەخۆستووەتە روو، كە ئاماژە بێت بەوەی لایەنی پارتی ئامادەیی خۆی بۆ هاوكاریكردنی توركیای پیشاندابێت، بەڵام باس لەوە كراوە توركیا پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێم چاوی بەخشتەی كاتی دانەوەی قەرزەكانی هەرێمدا خشاندووەتەوە، كە رەنگە ئەوە لەبەرانبەر پشتیوانی هەرێم بۆ كردە سەربازییەكەی توركیا كرابێت.

لە ١٧ی حوزەیرانەوە توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لەناوچەی حەفتانین دژ بە گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەستپێكردووە، كە تێیدا فرۆكەی جەنگی و هیلیكۆپتەر و تانك و زرێپۆش و تۆپخانەی تێدا بەكارهێناوە و لەچەندین شوێندا دابەزاندنی ئاسمانی ئەنجامداوە، چاودێرانیش دەڵێن: هەڵوێستی شەرمنانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، كە لەیەكتێگەیشتنێكی پێشوەختە لەنێوان ئەوان و ئەنقەرەدا هەبێت .

سەرەڕای ئەوەی بە‌غدا بەرانبەر بەو كردەوە سەربازییەی توركیا دووجار باڵیۆزی ئەو وڵاتەی بانگهێشت كردووە و نارەزایەتی خۆی پێراگەیاندووەو تەنانەت هەڕەشەی ئەوەی كردووە، كە هەنگاوی ئابووری و بازرگانی لەدژی ئەنقەرە دەگریتەبەر، هەروەك كۆمكاری عەرەبی و میسر بەتوندی دژ بەو هەنگاوی توركیا وەستاونەتەوە، لەبەرانبەردا هەولێر جگە لە بەیاننامەیەكی شەرماننانە هیچ هەڵویستێكی ئەوتۆی پیشان نەداوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

سەرچاوە: خەبەر 24


بەپەلە