شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنەوە بەغدا

کوردستان

04/07/2020‌ 1333 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندی دانوستانكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستانەكانیان لەگەڵ بەغدا بڕیارە جارێكی دیكە بگەڕێنەوە بەغدا و دەست بەكۆبوونەوەكان بكەنەوە.

دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كورردستان رایگەیاند، نییەتی رێككەوتنمان هەیە و دەمانەوێت لەگەڵ بەغدا بگەینە رێككەوتنی كۆتایی و ئەو كێشانەی لەنێوانماندا بەچارەسەرنەكراوی هەڵپەسێردراون، چارەسەر بكرێن.

دارا رشید بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ راشیگەیاند، لەدانوستانەكانمان بەردەوام دەبین تا دەگەینە رێككەوتنی كۆتایی.

بەپێی زانیاریەكان، لە كۆبوونەوەی رۆژی ١ی تەمووزی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار دراوە، كە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بگەڕێنەوە بەغدا بەڵام دارا رەشید ئەمەی پشتراست نەكردەوە و تەنیا وتی: بەم زووانە شاندەكەمان دەگەڕێینەوە بەغدا، بەڵام دیارنییە چ رۆژێك.

رۆژی ٢٥ی حوزەیران شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان دوای ژمارەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەبەغدا گەڕانەوە هەولێر.

لای خۆیەوە سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە، شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان، زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی دیپلۆماتی لەگەڵ باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی بەتایبەت یەكێتی ئەورووپا و ئەمریكا سازكردووە بەمەبەستی روونكردنەوەی دۆخی دانووستانەكان و هەڵوێستی هەرێم لەسەر چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەتایبەت پرسی شایستە داراییەكانی ھە‌رێم و بەردەوامی گفتوگۆكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرال.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش رۆژی ١ی تەمووز دوای كۆبوونەوەیان لە راگەیاندراوێكدا رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكانی بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی فیدرال، كە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا پارێزراو بێت.

هـ ـ ح