فەرەنسا دەیەوێت توركیا لەگۆرەپانی لیبیا دووربخاتەوە

جیهان

05/07/2020‌ 1152 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:  
سەرچاوەیەكی سەربازی لیبی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە فەرەنسا لەناو یەكێتی ئەوروپاوە دەستی بە جوڵە كردووە بەمەبەستی دوورخستنەوەی ئەنقەرە لەسەر شانۆی سەربازیی لیبیا .

رۆژنامەی "ئیتتیحاد"ی ئیماراتی بەپشتبەست بەچەند سەرچاوەیەك جەختیكردووەتەوە، كە پاریس هەوڵ دەدات كێشەی لیبیا بەشێوازی سیاسی چارەسەر بكات و ئەو وڵاتە لە شەری بەوەكالەت دووربخاتەوە، كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر ئاسایش و سەقامگیرییەكەی لیبیا دەبێت و دواتریش رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ئەوروپا دەبێت .

سەبارەت بە دۆخی مەیدانی ئەو وڵاتە، سەرچاوە سەربازییە لیبییەكان باسیان لەوە كردووە، هێزەكانی سەر بە سوپای نیشتمانی لیبیا بەسەرۆكایەتی مووشیر خەلیفە حەفتەر بۆ پاراستنی هەردوو شاری ستراتیژی سرت و جفرە قایمكاری تەواویان كردووە خۆیان بۆ ئەگەری هێرش و پەلاماری میلیشیاكانی سەر بە توركیا ئامادە كردووە، كە دەیانەوێت دەست بەسەر كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكەدا بگرن .

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەش كردووە، كە لەدەوروبەری شاری سرت سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشكەوتوویان لێجێگیركراوە بۆئەوەی مامەڵە لەگەڵ هێرشی فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی توركیادا بكەن، كە پشتیوانی میلیشیا ئیخوانییەكانی سەر حكومەتی ویفاقی نیشتمانی دەكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی