كەسێكی لوبنانی بە چەند وشەیەكی كاریگەر كۆتایی بەژیانی خۆی دێنێت

جیهان

05/07/2020‌ 1099 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەهۆی خراپبوونی دۆخی ژیان و بەرزبوونەوەی زۆری نرخەكان لەوڵاتی لوبنان، بەڕاددەیەك خەڵكی ناتوانن بژێوی ژیانی خێزانەكانیان دابین بكەن، حاڵەتەكانی خۆكوشتن لەو وڵاتەدا سەریان هەڵداووە.

لەم ماوانەدا چەند وێنەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەنەوە، كە چالاكوانەكان دەڵێن هی گەنجێكەو لە ڕۆژی هەینی لە شەقامی حەمڕا خۆی كوشتووە، گەنجەكە چەند فیشەكێكی بەسەری خۆیەوە ‌نا و كۆتایی بە ژیانی ‌‌خۆی هێنا.

گەنجەكە لە وێنەكەدا‌ نووسراوێكی بەرزكردووەتەوە، كە لەسەری نووسراوە: "من بێباوەڕ نیم، بەڵكو برسییەتی بێباوەڕە".

لە  ناوچەی "دۆڵێ زینه"‌ لە باشووری بەیروتی پایتەختیش، تەرمی كوڕێكی گەنجیان بەخنكاوی و هەڵواسراوی لە ژوورەكەی خۆیدا دۆزیوەتەوە، كە لەو ماوەی پێشوودا بە دەست تەنگەتاوی داراییەوە ناڵاندوویەتی.

لە ئێستادا لوبنان تووشی هەرەسهێناێكی ئابووری خێرابووە، كە دەیەها ساڵە دۆخی وای بەخۆوە نەدیوە و هیچ چینێكی كۆمەڵگای لوبنانیش لەم بارودۆخە بەدەر نەبوون، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی تەنگژەی بوونی پارەی نەختینە و  كەمی دۆلار، چەند مانگێكیشە بانكەكانی لوبنان ناتوانن هیچ بڕە پارەیەك بدەنە ئەو كەسانەی، كە پارەیان لە بانقەكانیان داناوە.

بەهۆی تێكشكانی دراویی لوبنانییەوە، لەو چەند مانگەی پێشوودا، دەیان هەزار لوبنانی كارەكانیان‌ یان نیوەی موچەكانیان لەدەستداوە، نیوەی لوبنانییەكانیش لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، %35 ی دەستی كاریش لەو وڵاتەدا بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن. 

سەرچاوە: عەرەبییە
وەرگێران: دیاكۆ لوقمان حاجی