كازمی كۆتایی بەهەژموونی فالح فەیاز لەدەزگا ئەمنییەكاندا دەهێنێت

ڕاپۆرت

05/07/2020‌ 2493 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مستەفا كازمی گورزێكی كوشندەی ئاراستەی‌ هەژموونی ئێرانی لەعێراق كرد، بەوەی هەژموونی فالح فەیازی بەسەر دوو لەو سێ‌ دەزگا ئەمنییانەوە نەهێشت، كە سەركردایەتییان دەكات.

تا رۆژی (شەممە)ی رابردوو، فەیاز ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بوو، بەڵام كازمی لە پۆستی یەكەم و دووەمی خست و پۆستی سێیەمیشی لەژێر پێداچوونەوە دایە.

سەرچاوەیەكی حكومی لە بەغدا بە ڕۆژنامەی عەرەبی ڕاگەیاندووە، كازمی پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لە فەیاز وەرگرتووەتەوەو بە قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆیی پێشووی سپاردووە.

پۆستی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە تانوپۆی یەكتربڕینی زانیاری دەزگا ئەمنییەكانە، كە پوختەی زانیاری و ڕاوێژكارییەكان دەخاتە بەردەستی سەرۆك وەزیران.

ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لە عێراقدا مافی ئەوەی‌ هەیە دەستی بگاتە بنكەی سەرەكی زانیارییەكانی هەموو فەرمانگە ئەمنییەكان، تا بتوانێت بارودۆخی وڵات بە فراوانی بخاتە بەردەست فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و دیمەنە گشتییەكەی بواری ئەمنی بۆ پوختە بكات، لەمەشەوە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەتوانێت بڕیاری پێویستی ئەمنی و سەربازی دەربكات.

ئەركەكانی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لە عێراقدا ئاسایشی خۆراك و زانیارییەكان و بواری دیكەی پەیوەست بەو كەرتانەش دەگرێتەوە.

دەزگای ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لە ساڵی 2004 دامەزراوە، ئەو كات "مۆفەق ڕوبەیعی" نزیك لە ئێران ئەو پۆستەی‌ بەڕێوە دەبرد، دواتر فەیاز ئەو پۆستەی گرتەدەست، كە زۆر لە ڕوبەیعی زیاتر پەیوەست بوو‌ بە ئێرانەوە.

چەند هەفتە‌یەكە باس و خواسی دانانی قاسم ئەعڕەجی لەو پۆستە لە داڵانەكانی هێزە سیاسییە عێراقییەكاندا مشتومڕی لەسەر دەكرێت و یەكلایینەكرابووەوە، چونكە هادی عامری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر ڕەتیدەكردەوە.

ئەعڕەجی ئەندامێكی باڵا و دیاری ڕیكخراوی بەدرە، بەڵام دوای ئەوەی پۆستی وەزیری ناوخۆی پێشووی وەرگرت، لە نیوەی دووەمی فەرمانرەوایی حكومەتەكەی عەبادیدا، دەستبەرداری ئەو ڕێكخراوە بووە، ئەمەش‌ دوای ئەوەی سەبارەت بەپەیوەندی عێراق بە دەوڵەتانی كەنداوەوە و بە تایبەتیش سعودییە، لەگەڵ هادی عامری ‌كەوتە ناكۆكییەوە.

ئەو كاتەی وەزیری ناخۆ بوو، ئەعڕەجی بە لای مستەفا كازمیدا دەشكایەوە، كە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بوو، ئەوان هەردووكیان لەگەڵ ئەوە بوون پەیوەندییەكی پتەویان لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی هەبێت و بەمەش‌ پارسەنگی هەژموون لەگەڵ ئێراندا ڕاست بكەنەوە، ئەمەش تاران و عامری- یان توڕە كرد.

كازمی هەر فەیازی لە ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی دوورنەخستەوە، بەڵكو سەرۆكایەتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیشی لێ سەندەوە كە بەرپرسە لە هەماهەنگكاری كاری نێوان دەزگا ئەمنییە ناوخۆییەكان و زایانیاری پێویستیشیان بۆ دەستەبەر دەكات.

كازمی عەبدولغەنی ئەسەدی جەنەڕاڵی خانەنشینی پێشووی كردە سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی كە پێشتر فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بوو، كە دەستە لێدەرەكەی هێزە چەكدارەكانی عێراق بوو.

ئەسەدی لەگەڵ ئەفسەرە بیانییەكاندا لە ژووری ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەكاندا كاری دەكرد كە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017  كردەكانی جەنگی دژ بە داعش- یان بەڕێوەدەبرد.

بە هۆی پەیوەست بوونی پێشووی بە حزبی بەعسەوە، جەنەڕاڵ ئەسەدی لە ماف و زیدەمافە داراییەكانی بێبەشكرا كە بە گوێرەی یاساكانی ڕیشەكێشكردنی بەعس لێی زەوتكرابوون.

لە دوای جەنگی داعش، ئەسەدی بە پەلە خانەنشینكرا، بەمەش لە گۆرەپانی ئەمنی عێراق چووە دەرەوە، دواتریش كازمی گێرایەوە ناو گۆڕەپانەكە.

سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن كە زیانەكانی فەیاز بەوەندە كۆتاییان نایەت، چونكە زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەدەن ئەگەری ئەوەش‌ هەیە لە پۆستی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی- شی دوورخەنەوە.

لەم ساڵانەی دوایدا هەژموونی فەیاز بە شێوەیەكی زۆر مەترسیدار هەڵكشاوە‌، جڵەوی چەند پۆستێكی ئەمنی هەستیاری بەدەستەوە بوو، سەرباری ئەوەی ناوبراو هیچ پیشینەیەكی ئەكادیمی ئەمنی و سەربازی نییە.

چاودیران دەڵێن كە هەڵكشانی ئەستێرەی فەیاز ڕەنگدانەوەی ئاستی هەژموونخوازی ئێرانە بەسەر بڕیاری ئەمنی عێراقییەوە، پرسیارەكانیش لە دەوری ئەوە دەخولێنەوە ئاخۆ دوورخستنەوەی فەیاز لەو پۆستانە سەرەتایەكە بۆ بەرتەسكبوونەوەی هەژموونی ئێرانی لە عێراقدا.

سەرچاوە: پێگەی‌ ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر