ترامپ رۆژ بەرۆژ ئەوروپا و ئەمەریكا لەیەكتر دووردەخاتەوە

جیهان

06/07/2020‌ 562 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی "سی ئێن ئێن "ی ئەمەریكی، لەئێستادا ژمارەیەك لەوڵاتانی ناو هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی "ناتۆ" هەوڵدەدەن چاو بەپەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمەریكادا بخشێننەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی ترامپ لەچەندین بۆنەی جیاوازدا هێرش دەكاتە سەر ئەو وڵاتانە.

سی ئێن ئین لەراپۆرتەكەیدا باسی لەوە كردووە، كە یەكێتی ئەوروپا، وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای نەخستووەتە ناو لیستی ئەو وڵاتە سەلامەتانەی، كە هاوڵاتییەكانیان دەتوانن گەشت بۆ ناو یەكێتییەكە بكەن، ئەوەش مانای وایە بەهۆی هەڵكشانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە، هاووڵاتیانی ئەمەریكا لەئایندەیەكی نزیكدا ڕێگەپێدراو نین بێنە ناو ئەوروپاوە.

بەپێی راپۆرتەكە هەرچەندە ئەوروپاییەكان دەیانەوێت واپیشانی بدەن، كە ئەو بڕیارە هیج پەیوەندی بەلایەنی سیاسییەوە نییە، بۆ ئەوەش تا ترامپ لەخۆیان نەوروژێنن چینیشیان خستووەتە ناو لیستی ئەو وڵاتانەی، كە ڕێگەیان پێنادرێت هاووڵاتییەكانیان سەردانی ئەوروپا بكەن.

شارەزایان دەڵێن شاراوە نییە، كە واشنتۆن لە ئێستا كەمتر گرنگی بەكاروباری ئەوروپا دەدات، بەو هۆیەشەوە وڵاتانی ئەوروپا هەوڵ دەدەن لەڕووی دیبلۆماسییەوە زیاتر سەربەخۆیی لەئەمەریكا وەربگرن، بەتایبەت ٢٧ دەوڵەتەكەی ناو یەكێتی ئەوروپا.

یەكێك لەو رێگایانەی ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ لە برۆكسل پێیان وایە دەتوانن خۆیان پێ لەسەرمایەداری ئەمەریكا دووربخەنەوە بریتییە لەكردنی چین بە هاوبەشێكی ستراتیژی لەبواری ئابووری و بازرگانیدا و كەمتر پشتبەستن بەیەك هێزی جیهانی و دروستكردنی هاوسەنگی لەپەیوەندی لەگەڵ لایەنەكاندا.

راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ترامپ هەرچی ڕێكەوتننامە هەیە هەڵیوەشاندووەتەوە، هەر لە ڕێكەوتننامەی پاریس بۆ ژینگە و پاشەكشەكردن لەرێكەوتننامەی ناوەكی لەگەڵ ئێران، بۆ ئەوەش دیپلۆماتكارێكی ئەوروپایی وتویەتی ئەگەر ترامپ نەبووایە ئێستا دۆخەكە جیاواز دەبوو، هەروەك فیلینا چاكارۆڤا لەپەیمانگای نەمسایی بۆ سیاسەتە ئەوروپی و ئەمنییەكان دەڵێت: ترامپ ئەوروپا، بەتایبەتی ئەڵمانیا بە ڕكابەرێكی ئابووری و بازرگانی هەژمار دەكات، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر بێت و بۆ خولی دووەم دەربچێتەوە ئەوە پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ئەو لایەنانە بەرەو گرژی دەبات.

چاكارۆڤا روونیكردووەتەوە، كە لەكاتێكدا یەكێتی ئەوروپا هەوڵ دەدات لەبواری ئاسایش و بەرگریدا زیاتر پشت بەخۆی ببەستێت، لەبەرانبەردا ترامپ دەیەوێت ئەو هەوڵانە لەباربەرێت، ئەویش بەهێرشكردنە سەر ئەندامە ئەوروپاییەكانی ناو ناتۆ و گرتنەبەری ڕێكاری ئابووریی و بازرگانی لەدژیان.

وەرگێڕان: ئاكۆعەبدوڵڵا ئاڵی