شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان دەگەڕێنەوە بەغدا

کوردستان

07/07/2020‌ 1036 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بە ئامانجی گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی گەڕێكی دیكەی كۆبوونەوە و دانوستانەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی دەستپێدەكاتەوە و دووبارە شاندی هەولێر دەچێتەوە بەغدا.

بەپێی زانیارییەكان، كە ئاژانسی ئەنادۆڵ لەهەواڵێك بڵاویكردووەتەوە، شاندەكەی هەرێمی كوردستان لەدوای گەڕانەوەیان لە بەغدا سەرقاڵی تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی داواكارییەكانی بەغدا بوون لەگەڵ سەرۆكایەتی حكومەت و جارێك بەجیا لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كۆبوونەتەوە و جارێكیش لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا گفتوگۆی لەسەر كراوە بۆ ئامادەكردنی وەرەقەیەكی نوێ كە لەگەڵ بەغدا لەسەری رێكبكەون.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بۆ تاوتوێكردنی دواهەمین وردەكارییەكانی ئەو وەرەقەیەش، بڕیاریشە سبەی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی كۆدەبێتەوە و بڕیار لە وردەكاری تەواو دەدرێت، كە شاندی هەرێم ئەمجارە لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە ناوەند، دوای كۆبوونەوەكەش شاندەكە دەگەڕێنەوە بەغدا و دەست بە كۆبوونەوەكانیان دەكەنەوە.

پێشتر وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دارا رەشید بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو، ئەوان نییەتی رێككەوتنیان هەیە و دەیانەوێت لەگەڵ بەغدا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش لە دوا كۆبوونەوەی خۆیدا لە رۆژی یەكی تەمووز لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە كە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكانی بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك لەگەڵ حكوومەتی فیدرال كە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانی تیادا پارێزراو بێت.

هـ ـ ح