داخستنی "تیك تۆك" لەهیندستان زیانی 6 ملیار دۆلار بە كۆمپانیاكە دەگەیەنێت

هەمەڕەنگ

08/07/2020‌ 387 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی راپۆرتێكی پێگەی "فۆربس "ی ئەمەریكی، خاوەنی ئەپڵیكەیشنی "تیك تۆك" زیاتر لە یەك ملیار دۆلاری لەبنیادنانی بنكەی بەكارهێنەرانی ئەپەكە لە وڵاتی هیندستان خەرج كردووە، بەڵام لەئێستادا بەهۆی هەڕەشەی داخستنی لەلایەن حكومەتی هیندستانەوە مەترسی هەیە زیانەكانی بگاتە ٦ ملیار دۆلار.

دوای بەیەكدادانەكەی سەر سنووری نێوان هیندستان و چین، نیودەلهی بەپاساوی مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی، ٥٩ ئەپڵیكەیشنی چینی لە وڵاتەكەدا داخست لەناویاندا تیك تۆك بوو.

هەرچەندە هیندستان چەندین ئەپی تری چینی قەدەغە كردووە، بەڵام كاریگەرییە بازرگانییەكەی تیك تۆك لە هەموویان زیاترە.

بەپێی راپۆرتەكەی فۆربس، لە ئەمەریكاش باس لە مەترسییە ئاسایشییەكانی ئەپڵیكەیشنە چینییەكە دەكرێت، هەروەك چۆن چەند وڵاتێكی تریش بریاریانداوە لەوبارەیەوە لێكۆڵینەوە بكەن.

تیك تۆك رەخنەیەكی زۆری لێدەگیرێت لە دیارترینیان ئەوەیە، كە وەك پێویست پارێزگاری لە تایبەتمەندی و سەلامەتی بەكارهێنەرە گەنجەكانی ناكات، تەنانەت تۆمەتی زۆر لەوە ئاڵۆزتری دەدرێتە پاڵ بەشێوەیەك باس لەوە دەكرێت شێوەی كاركردنی تیك تۆك گومانی تێوەگلانی لە بەرنامەی سیخوری و دزینی داتاكانی هەیە.

وەرگێڕانی: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی