لێكۆڵینەوەیەكی نوێ لەبارەی كاریگەرییە دوورمەوداكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر تووشبووان

تەندروستی

08/07/2020‌ 869 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا رایگەیاند، بڕی ٨،٤ ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی (١٠،٤٩ ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی)یان تەرخان كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لەكاریگەرییە دوورمەوداكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەسەر تووشبووان.

تێبینی كراوە جگە لە كاریگەرییە دەستبەجێیەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ دروستكردنی گرفت لە كۆئەندامی هەناسەدانی هەندێك لە تووشبووان، بەڵام بەشێكیان هیچ كاریگەرییەكی ڤایرۆسەكەیان لەسەر دەرناكەوێت، بۆیە كاریگەرییەكانی نەخۆشییەكە لەسەر كەسی تووشبوو هێشتا بەتەواوەتی روون نین.

مات هانكۆك وەزیری تەندروستی شانشینی یەكگرتوو دەڵێت: شەڕەكەمان لەگەڵ ئەو پەتا جیهانییەدا بەردەوامە، بەردەوام زیاتر و زیاتر لەبارەی كاریگەرییەكانی نەخۆشییەكە دەزانین، نەك تەنیا لەسەر تەندروستی تووشبووەكان لەئێستادا، بەڵكو لەسەر تەندروستی جەستەیی‌و هۆشەكی لەسەر ئاستی دوورمەوداش.

وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە لەلێكۆڵینەوەكاندا ١٠ هەزار كەس بەشداری تێدا دەكەن، كە زانكۆی لیستەر و نەخۆشخانەكانی شارەكە بەشداری سەرپەرشتی دەكەن.

لە پرۆسەكەدا سامپڵی سی و خوێنی كەسەكان وەردەگیرێت‌و لەڕێگای وێنەگرتنی پێشكەوتووەوە پشكنینیان بۆ دەكرێت و ئەنجامەكانیش بۆ پەرەپێدانی شێوەی نوێی چارەسەركردنی كەسەكان بەكاردێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی