چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست دەكرێت

کوردستان

08/07/2020‌ 844 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەكانی دیالە، كەركوك، مەخموور و موسڵ دروست دەكرێت.

ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە، كە ھەفتەی رابردوو شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەغدا كۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر چەند تەوەرێك كرد و بڕیاردراوە كۆبوونەوەی داھاتوو لە ھەولێر بەڕێوەبچێت.

لەو بارەییەوە بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، كۆبوونەوەی داھاتوو لە ھەولێر ئەنجام دەدرێت، بەڵام كاتی كۆبوونەوەكە دیاریی نەكراوە.

هاوكات جێگری سوپاسالاری ھێزەكانی پێشمەرگە، لیوا قارەمان كەمال لەلێدوانێكی وتی: "تا ئێستا سێ كۆبوونەوە كراوە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق، دوو كۆبوونەوە لە ساڵی رابردوو، كۆبوونەوەیەكیش پێنجشەممەی رابردوو لە بەغدا بەڕێوەچوو كە تیایدا دوو تەوەر گفتوگۆی لەسەر كراوە.

لەبارەی تەوەری كۆبوونەوەكانیش، لیوا قارەمان كەمال وتی: تەوەری یەكەم باسی كردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش كراوە لە ناوچەكانی دیالە، كەركوك، مەخمور و موسڵ، تەوەری دووەمیش باسی دروستكردنی ھێزی ھاوبەش كراوە، كە ئەو ھێزە لە كوێ بێت، ئەمانە ھەموو گفتوگۆی لەسەركراوە و شاندی بەغدا گەشبین بوون و كۆبوونەوەیەكی ئەرێنیی بوو، بەڵام ئەنجامەكەی لە چەند ھەفتەی داھاتوودا دەبینین".

پێنجشەممەی رابردوو، ھەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە گوایە ھێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە كەركووك و لەمبارەیەوە، جێگری سوپاسالاری ھێزەكانی پێشمەرگە لیوا قارەمان كەمال وتی: "باسی ئەوە نەكراوە كە ھێزەكانی پێشمەرگە تا كوێ دەچن، ئەوەی لە راگەیاندنەكان باسكراوە راست نییە، چونكە جارێ لە گفتوگۆداین و بڕیارە كۆبوونەوەی داھاتووش لە ھەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام كاتی كۆبوونەوەكە دیاریی نەكراوە.

جێگری سوپاسالاری ھێزەكانی پێشمەرگە، لیوا قارەمان كەمال وتیشی: پێش ١٦ی ئۆكتۆبەر، ھێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان ھەبوون، ژووری ئۆپەراسیۆنی ھابەشمان ھەبوو، ئێستا ئەوانە ھیچی نەماوە و دەمانەوێت دروستیان بكەینەوە و كار لەسەر ئەوە دەكەین كە ئەو رووبەرە فراوانەی لەنێوانماندا ھەیە چۆن بتوانین رووبەرەكەی كەم بكەینەوە و بۆ ئەم مەبەستەش رووپێویی كراوە، بەڵام گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە ماوە.

هـ ـ ح