شارپرێس:
فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر ئاشكرایكرد: بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆناوه دۆخی هەولێر مەترسیدارە و ئەگەر هاووڵاتییان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی نەبن، پێشبینی روودانی کارەسات دەکرێت.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر ئهمڕۆ باسی لهوهكرد: "پابەند نەبوون بەڕێنماییەکان و تێکەڵ بوون و نەبەستنی دەمامک ئەنجامەکهی توشبوانی زیادکردەوە، بۆیە ئەگەر خەڵک پابەند نەبێت ئەوکات رێژی ڤایرۆسەکە زیاتر دەبێت".
وتیشی: "ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بڕوات ناتوانرێت ھەموو تووشبووان لە نەخۆشخانەكان بخەوێندرێن، ئەوەی لەسەر ئێمە بوو وەك حكومەت كردومانە، ئێستا ئەركی ھاووڵاتییانە خۆیان بپارێزن".
فرسەت سۆفی وتیشی: "ھەولێر بەرەو دۆخێكی نەخوازراو و ناخۆش دەڕوات، لەسەر ئەو بنەما شەش رۆژ قەدەغەی ھاتووچۆی تەواومان راگەیاند و ئەنجامێكی باشی ھەبوو، بەڵام بەداخەوە پابەند نەبوون و تێكەڵبوون و نەبەستنی ماسك جارێكی دیكە ئاماری تووشبوون بە كۆرۆنای بەرزكردەوە".
ئەوەشی خستەڕو، "دۆخی ھەولێر دۆخێكی مەترسیدارە ئەگەر خەڵك خۆی نەپارێزێت، رەنگە بەرەو كارەساتێكی گەورە ھەنگاوبنێین".