سوپاسالاری پێشمەرگە: بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە نەگەیشتووینەتە خاڵی كۆتایی

کوردستان

08/07/2020‌ 296 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە رایگه‌یاند: بۆ گەرانەوەی ھێزی پێشمەرگە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە خاڵی كۆتایی و گفتوگۆ بەردەوامە و ئێمە دەمانەوێت بنكەی ناوەندی ھاوبەش دابنرێت و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بكرێت و بازگەی ھاوبەش ھەبێت.

جەمال ئێمینكی سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە به‌ ماڵپەڕی پارتی وتووه‌: "لێدوانی سوپاسالاری عێراق لە كەركووك زۆر باش و ئەرێنییە، ئەمەش دوای ئەوە ھات كە ھەفتەی ڕابردوو شاندی ئێمە لەگەڵ لیژنەی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق لە فەرماندەیی ھێزەكانی ھاوبەش ئەنجام درا، بۆیە گفتوگۆی نێوانمان بەردەوام دەبێت تاوەكو دەگەینە رێككەوتن".

روونیشی كردەوە: "لەسەر خاڵی ھەبوونی ھەماھەنگی كۆكین، بەڵام بۆ ھێزی ھاوبەش و بازگەی ھاوبەش و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش، تا ئێستا گفتوگۆ بەردەوامە".

سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە وتیشی: "ئەمە یەكەم كۆبوونەوە بوو ئەنجام درا و سەرۆكی لیژنەی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق گۆڕابوو، چونكە لەم ساڵدا یەكەم كۆبوونەوەیە بكرێت و لە یەكەم كۆبوونەوەشدا رێككەوتنی كۆتایی زەحمەتە و پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر ھەیە، بەڵام كۆبوونەوەیەكی ئەرێنی بوو و لە زۆر خاڵ لێك نزیك بووین، بڕیاریشە شاندێكی ئەوانیش سەردانی ھەرێم بكات و ھەر جارە و شاندی لایەنێك سەردانی لایەنەكەی دیكە دەكات".

سوپاسالار باسی لەوەشكرد: "ئەو كۆبوونەوەیەی كرا زۆر باش بوو بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكان بەردەوام بن و، حكوومەتیش خۆی بەردەوام سەردانی بەغدا دەكات و ئێمەش بەردەوام دەبین تا خاڵی كۆتایی".

دەشڵێت: "بۆ گەرانەوەی ھێزی پێشمەرگە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە خاڵی كۆتایی و گفتوگۆ بەردەوامە و ئێمە دەمانەوێت بنكەی ناوەندی ھاوبەش دابنرێت و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بكرێت و بازگەی ھاوبەش ھەبێت، لەگەڵ چەند خاڵێكی دیكەش، بۆیە گفتوگۆ بەردەوام دەبێت تا دەگەینە رێككەوتن".