دوای چەندین سەدەگەڕان زاناكان سەربازگەی سوپا زەبەلاحەكەی جەنگیزخانە لەمەنگۆلیا دەدۆزنەوە

هەمەڕەنگ

11/07/2020‌ 3881 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
زانا شوێنەوارناسەكانی زانكۆی نیشتمانی ئوسترالیا رایانگەیاند، توانیویانە سەربازگەی سەرەكی سەربازەكانی ئیمپراتۆر جەنگیزخان لە مەنگۆلیا بدۆزنەوە، كە ماوەی چەندین سەدەیە گەران بەدوای ئەو شوێنەدا بەردەوامە.

بەگوێرەی پێگەی Medievalists ، كە تەیبەتمەندە بەمێژووی سەدەكانی ناوەراست، رۆژی دووشەممەی رابردوو، ٦ی تەمموزی ٢٠٢٠، زانا ئوسترالییەكان توانیانە لەڕێگای پشكنینی سامپڵی رەگەزی "كاربۆن-١٤"ی تێر، كە لە پێگەی شوێنەواریی " ئەفراگا" لە ناوەراستی مەنگۆلیا وەرگیراوە، بەڵگەی بنبڕ بەدەست بخەن، كە ئەو جێگایە سەربازگەی سەرەكی جەنگیزخان بووە (١١٦٢-١٢٢٧)، كە یەكێك لە گەورەترین ئیمپراتۆرییەتەكانی لە مێژوودا بنیادناوە.

هەروەها بەپێی پشكنینی داروپەردووی ناوچەكە، دەركەوتووە، سوپای گەورەی مەغۆل لەنێوان چاخی ئۆكتای خانی كوڕی جەنگیزخان و شوێنگرەوەكەی لەو ناوچەیە بوون. 

لی نارانگوا مێژوونووس لە زانكۆی نیشتمانی ئوسترالیا دەڵێت: جەنگیزخان لانیكەم چوار سەربازگەی سەرەكی هەبوون، بەپێی ئەو بەڵگانەی لەم دواییە دەستكەوتوون ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، پێگەی ئەفراگا سەربازگەی سەرەكی جەنگیزخان بووە لە هەردوو وەرزی زستان و بەهاردا.

جەنگیزخان ئیمپراتۆرییەتێكی مەزنی بنیادنا، كە لەوپەڕی زەریای هیمنەوە تا زنجیرە چیاكانی كاربات لە ئەوروپای رۆژهەڵات و ناوەراست درێژ دەبووەوە، هێزەكانی مەغۆل بەوە ناسراوبوون بەردەوام سەركەوتنی سەربازیی خێرا و سەرسووڕهێنەریان بەدەست دەهێنا، كە بەهۆیەوە دەستیان بەسەر رووبەرێكی فراوانی جیهاندا گرت.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی