بۆ خەوێكی باش لەم خواردنانە دووربكەرەوە

تەندروستی

11/07/2020‌ 638 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەگوێرەی راپۆرتێكی گۆڤاری Vogue  ی ئەمەریكی،   ئەگەر تۆ كەسێكیت و بەدەست خەوزڕان و كەمخەوییەوە دەناڵێنیت، ئەوە دەبێت دڵنیابی لەوەی ئەوە تەنیا هەر پەیوەست نییە بەدۆخی دەروونی، یان ڕێكخستنی كاتژمێرەكانی خەوتنتەوە، بەڵكو سیستەمی خۆراكی رۆڵێكی گرنگی هەیە لەڕزگاربوون لەكەمخەوی و دەستكەوتنی خەوێكی باش.

لەو بارەیەوە سانا خان راوێژكاریی خۆراكی دەڵێت: هەندێك گوێزەرەوەی دەماریی هەیە (ئاماژەی كیمیایی دەنێرێت) لە جەستەماندا، كە لە ترشی ئەمینی پێكهاتوون و ناسراون بەتربتۆڤان تایبەتە بە باشكردنی كوالێتی خەو.

ئەو خواردنانەی خەوزڕان ناهێڵن هەندێك خواردن بەسروشتی خۆی ئەو پێكهاتەیەی لەناودایە، سەعاتێك پێش خەوتن ئەگەر كەمێك لەو خواردنە بخورێت ئەوە یارمەتی دەستكەوتنی خەوێكی باش دەدات .

هەروەك ئەگەر بێت و توخمی مەگنیسیۆم بۆ سیستەمی خۆراكی زیاد بكرێت ئەوە بۆ خاوبوونەوەی ماسوولكەكان باشە و پشوو بە هۆش و بیركردنەوەش دەدات .

لەناو ئەو خواردنانەی یارمەتی خەوێكی باش دەدات بریتییە لە بادەم، گوێز، گۆشتی قەل، خورما، مۆز، كێوی، شیر، ماسی چەور، پەنیری قوڕەیش، چای بابونگ.

ئەو خواردنانەی دەبێت لەپێناو خەوێكی باشتر لێیان دووربكەوینەوە 
ئەو شارەزایەی بواری خۆراكی دەڵێت: ئەگەر بمانەوێت خەوێكی باشمان دەستبكەوێت، ئەوە هەندێك خواردن هەیە دەبێت لێیان دوور بكەوینەوە، لەسەروویانەوە كافایین و شەكر.

لەو بارەیەوە دەڵێت: كافایین و شەكر لەسەرووی ئەو خواردنانەی، كە دەبێت لێیان دووربكەوینەوە، لەبەر ئەوەی چا و قاوە لە میزهێنەرەكانن، كە هۆكاری سەرەكی وشكبونوەوەی جەستەن، هەروەك وریاكەرەوەن و وادەكات بدەرێژایی شەو بەئاگا بیت.

سانا ڕێنمایی كردووە بەوەی لەخواردنە دەوڵەمەند بەشەكرەكان دووربكەوینەوە، كە ئەوەش هەر لە شیرینییەكاندا كورت نەبووەتەوە، بەڵكو كاربۆهیدرایتە دەستكردەكانی وەك نانی سپی و كامەرۆنیش دەگرێتەوە .