پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و توركیا دیسان رووی لەگرژییە

جیهان

11/07/2020‌ 1467 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەیوەندییەكان توركیا و ئەمەریكا جارێكی تر بەرەو گرژبوونەوە دەڕوات، ئەویش دوای ئەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا داوای لە مایك ئیسپەری وەزیری بەرگری ئەمەریكا كردووە كاتی چوونەدەرەوەی توركیا لەبەرنامەی دروستكردنی فرۆكەی پێشكەوتووی "F-35" دیاری بكات.

داواكاری دیاریكردنی كاتی چوونەدەری توركیا لەبەرنامەی دروستكردنی فرۆكەی  F-35 ،  لەلایەن چەند كۆنگرێسمانێكی كۆماری و دیموكراتەكانەوە لەوەزیری بەرگری ئەمەریكا كراوە.

هەروەك ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پیران نیگەرانی خۆیان بەرانبەر بەرەفتار و سیاسەتەكانی توركیا لە سوریا و عێراق دەربڕیوە و ئاماژەشیان بەوە كردووە، كە توركیا ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی ئەمەریكی لەو وڵاتە دەستگیركردووە، كە بەپێی قسەی ئەو كۆنگرێسمانانە ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی توركیا لەگەڵ ئەوەی ئەندامی ناتۆیە، بەڵام هاوبەشێكی جێی متمانەی ئەمەریكا نییە.

لەدوو ساڵی رابردوودا،  بەهۆی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی  "S-400"ی روسی لەلایەن توركیاوە پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن گرژییەكی زۆری بەخۆوە بینی، بەشێوەیەك كۆنگرێسی ئەمەریكا چەندین جار داوای لەدۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا كرد، كە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمەریكا ناسراو بە "كاستا" سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت، كە مەبەست لێی ئەو وڵاتانەیە، كە چەك و چۆڵی روسی دەكڕن .

لەماوەی رابردووشدا، جۆن بۆڵتۆنی راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا، لەبیرەوەرییەكانیدا كە لە كتێبێك بە ناوی The Room Where It Happened بڵاویكردوونەتەوە، كۆمەڵێك نهێنی لەسەر پەیوەندییەكانی ئەردغان بەسەرۆكی ئەمەریكاوە ئاشكرا كردووە و باسی لەوە كردووە، كە دۆناڵد ترامپ رێگری كردووە لەوەی بەهۆی كڕینی سیستەمی دژە موشەكی  "S-400"ی روسییەوە سزا بەسەر توركیادا بسەپێنرێت، كە ئەوەش بەپێچەوانەی راسپاردەكانی كۆنگریسی ئەمەریكا بووە، كە داوای سەپاندنی سزای كردووە بەسەر ئەنقەرەدا دەكرد.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی