"ساڵی دوو هەزارو كۆرۆنا".. شەش مانگی ناخۆش بۆ جیهان

مەلەفی تایبەت

11/07/2020‌ 606 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ساڵێكە بەهیچ ساڵەكانی تر ناچێت، روخساری خەمناك و سیاسەتی بێسەرەوبەرو جیهانێكی شڵەژاو و ترساو .

شەش مانگ تیپەڕیوەو هەموو رۆژێكی چیرۆكێكی تایبەتی هەیە، هەر لەو رۆژەوەی پایتەختەكانی جیهان بەبۆنەی سەری ساڵەوە ئاهەنگیان دەگێڕا، لەمانگی كانوونی دووەمدا ملیۆنان هێكتار لەدارستانەكانی ئوسترالیا بوونە خەڵووز و دووكەڵ و ملیاران ئاژەڵی كێوی سووتان‌و خنكان، لەكاتێكدا جیهان بۆ سی چەپی دەگریا و خەمبار بوو، كەچی دۆزەخ سوور بوو لەسەر ئەوەی سییەكەی تری هەسارەكەشمان بسووتێنێت.

هەر لەو مانگەدا دارستانەكانی ئەمازۆن گڕیان گرت و ملیاران درەخت سووتان و تەنیا سووتووەكەیان مایەوە، دواتر لە مانگی نیساندا دارستانەكانی ئۆكرانیاش ئاگریان تێدا كەوتەوەو ئاگرەكەی لەیەكێك پێگەی  گەورەترین كارەساتە مۆرییەكان لەمێژوودا نزیكبووەوە ئەویش كورەكانی چیڕنۆبڵ بوو .

هەر ئەوەندە نا تەنانەت ناخی زەوییش لای خۆیەوە دەستی بەكوڵان كرد و زیاتر لە سەد گڕكان چالاك بوون، بەشێوەیەك لەمانگی نیساندا گڕكانی كاراكاس و ئیندۆنیزیا دوای ١٣٣ ساڵ خەوتن بەئاگا هاتنەوەو مەترسی درووستبوونی تسۆنامییەكی وێرانكەریان دروست كرد.

وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەفریقا لەكاتێكدا بەدوای بارانی بەرەحمەتدا دەگەران بۆ ئەوەی سكی هەژارەكانیان بۆ تێر بكات، كەچی لەمانگی هەوری ساڵی ٢٠٢٠ لەشێوەی هەور پۆلە كولە رووی تێكردن و لەمانگی نیساندا دەیان هەزار كیلۆمەتریان داپۆشی‌و لەنێوان سۆماڵ و كینیا و ئەریتیریا لە هاتووچۆدابوون‌و خۆیان گەیاندە نیمچە دورگەی عەرەبی و بەروبوومە كشتوكاڵییەكانی خەڵكی پاكستان و ئێران و ئەڤغانستانیان خوارد .

هەر لەوكاتەدا زەردەواڵە زەبەلاحە ژەهراوییەكان هەڕەشەیەكی مەترسیداریان لەسەر ئەمەریكا دروست كرد، كە زیانەكانی هیچ لە زریانی فلۆریدا و كالیفۆڕنیا و كەنداوی بەرازەكان كەمتر نەبێت .

لافا و بوومەلەرزە و زریان و گێژەڵووكەی وێرانكەر، شەڕ و خۆپیشاندان و نارەزایەتی لەوڵاتانی جیهانی یەكەم  و دووەم و سێیەمی گرتەوە. 

لەعێراق دەستكرا بە تیرۆركردنی ئەو چالاكانەی لە داخی گەندەڵی‌و نادادی هاواریان دەكرد، لوبنانیش هیچ دۆخەكەی لەعێراق باشتر نەبوو، لەفەڕەنساش دەستەوەستان بوو لەبێدەنگكردنی ئێلەگ زەردەكان، بەڵام خۆپیشاندان و نارەزایەتی هەرە گەورە لە ئەمەریكا بوو كاتێك سەدان هەزار كەس دژ بە جیاكاریی و رەگەزپەرشتیی رژانە سەر شەقامەكان و ئاسایشی ئەمەریكایان خستە مەترسییەوە.

بەڵام ئەو هەموو كارەسات و بەڵایانە بەیەكەوە نەیاندەكردە روودانی گەورەترین كارەساتی ساڵی ٢٠٢٠،  كە بریتی بوو لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، ئەو ڤایرۆسەی نیرۆنی وەبیری ئیتالییەكان هێنایەوە، كە شاری رۆمای سووتاند و لووتبەرزی و خۆبەزلزانی بەریتانیای مەزنی شكاند و فەرەنسانی ناچاركرد مۆڵەتی نەخۆشی ناچاری بۆ مۆزەخانەی لۆڤەر و بورجی ئیڤڵ بكات و ئیسپانییەكانی والێكرد واز لەیاری شەڕە گا بێنن و لەترسی دوژمنێكی نادیار خۆیان بكەنە كونجی ماڵەكانیان.

هەروەها ماكینەی ئەڵمانیای پەكخست و سەعاتەكانی سویسرای راگرت، جەمسەرەكانی جیهان لە ئەمەریكا و روسیا و چین كەرتە تەندروستییەكان بەرانبەر بە ڤایرۆسەكە دەستەوەستان بوون و لەساتە راستەقینەكاندا وەك سیستەمی لاواز و فشەڵ دەركەوتن .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی