پەیەدە: تورکیا بە ئاشکرا تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات

کوردستان

11/07/2020‌ 439 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) رایگه‌یاند دەوڵەتی تورکیا ئاسایشی نێودەوڵەتی و ناوچەکە دەخاتە مەترسیەوە و بە ئاشکرا تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئەنجومەنی گشتی پارتی یەکێتی دیموکرات رایگه‌یاند: "ئەو سیاسەتە کلاسیکەی رژێمی سوریا و حکومەتە هەرێمیەکان پەیڕەوی دەکەن، بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ گرێکوێرەی کێشەکان و قوڵبوونەوەی ئاڵۆزیەکان و دروستبوونی شەڕێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە ناوخۆی سوریا، هاوکات جنێڤ و ئاستاناش، لە جیاتی ئەوەی ئەم ئاڵۆزیە چارەسەر بکەن، قوڵتری دەکەنەوە".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: تورکیا لە ناوچەکە رۆڵێکی وێنکارانەی بینی، هەڕەشە لە ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتی دەکات، هێرشەکانی لە سوریا و لیبیا و عێراق پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکانە و ئەمەش مەترسیە بۆ سەر گشت گەلانی ناوچەکە. چونکە دەوڵەتی تورکیا هەوڵی داگیرکردن و باڵادەستبوون دەدات لە رووی سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە.

پەیەدە ئه‌وه‌شی وتووه‌: تورکیا بە ئاشکرا تاوانی دژی مڕۆڤایەتی ئەنجام دەدات و ئەم تاوانانەش رۆژ بە رۆژ کەڵەکە دەبن، وەک بڕینی ئاو لەسەر سوریا و عێراق کە بەمەش هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان کەس دەکات، شەڕی قڕکردن لە دژی گەلانی ناوچەکە دەکات، هەروەها هاوشێوەی داعش ئایدۆلۆجیەکی ئایینی توندڕەو دەسەپێنێت، بڕیارەکەی حکومەتی تورکیا لەبارەی موزەخانەی ئایاسوفیا بەرچاوترین نمونەیە کە دەبێت گەلانی ناوچەکە لە دژی ئەم مەترسیە بوەستنەوە.

ده‌شڵێت: یەکێتی کورد گونجاوترین قۆناغە، پەیەدە هەموو هێزی خۆی بۆ هەوڵی سەرخستنی یەکڕیزی نشتیمانی و دیالۆگی ناوخۆیی کورد بەکار دێنێت.