شارپرێس:
به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئێران ئاشكرایكرد، ته‌نانه‌ت له‌حاڵه‌تێكدا جۆ بایدن-یش ببێته سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئێران دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته ناكات.
مه‌حمود واعزی، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی حه‌سه‌ن ڕووحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فیزیۆنیدا ڕایگه‌یاند، له‌نێوان تره‌مپ و بایدندا هیچ جیاوازییه‌ك نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بایدنیش ببێته سه‌رۆك ئه‌وان دانوستان له‌گه‌ڵ واشنتۆن ناكه‌ن.
واعزی ئه‌مریكای تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ئاژاوه له‌نێوان گه‌ل و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران دروستبكات، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی فشاری ئابووریی و شه‌ڕی ده‌رونییه‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی سه‌رۆك كۆماری ئێران ئاڕاسته‌ی ڕه‌خنه‌كانی ڕوبه‌ڕوی ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا كرده‌وه و وتی، ئه‌و سێ وڵاته لاوازن به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا و به‌رامبه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌یان له‌ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی به‌وه‌فا نه‌بوون.
حكومه‌تی ئێران ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات، به‌یه‌كجاری ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی وێرانده‌كات، ئه‌گه‌ر بێتوو قه‌ده‌غه‌ی فرۆشتنی چه‌ك به تاران درێژبكرێته‌وه.
ڕ . ج