دوای گۆڕینی بۆ مزگەوت توركیا تابلۆو سیمبوڵە مەسیحییەكانی ناو ئایاسۆفیا دەشارێتەوە

جیهان

13/07/2020‌ 552 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بڕیاری گۆڕینی مۆزەخانەی ئایا سۆفیا لە ئەستەنبووڵ كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو ژمارەیەكی زۆری وڵاتانی جیهان سەركۆنەی ئەو كارەیان كرد، بەڵام ئەمە ڕێگر نەبوو لەوەی حكومەتی پارتی دادو گەشەپێدان هەنگاوی تر بەرانبەر بەمۆزەخانە و كەنیسە بیزەنتییەكەی جاران بنێت.

لەو چوارچێوەیەدا رۆژنامەی "حوڕییەت"ی توركی، باسی لەوە كردووە ئایكۆن و تابلۆ كاشییە رەنگاورەنگەكانی دیوار و سەقفەكانی ئایا سۆفیا بەتەكنەلۆژیای رووناكی دەشاردرێنەوە، كە زۆرینەیان سیمبوڵی مەسیحی وەك وێنەی عیسای  مەسیح و مەریەمی پاكیزە بوون.

وابڕیارە لەكاتی نوێژەكاندا، كە لە ٢٤ی ئەم مانگەوە دەستپێبكەن، پەردەی تایبەت بەكاربهێنرێت، هەروەك زەوییەكەش فەڕشی لێڕادەخرێت، كە كەبەشێوەیەكی تایبەت رووناك دەكرێتەوە تا بەهۆیەوە رەمزە مەسیحییەكانی دیوارو سەقفەكان بشارێتەوە.

بەگوێرەی پێگەی "گریك سیتی" یۆنانی، لەدوای بڕیارەكەی دادگا توركییەكە، ئیتر گەشتیارەكان بۆچوونە ناو ئایاسۆفیا دەبێت پێڵاوەكانیان دابكەنن.

رۆژی هەینی رابردوو، دادگای باڵای توركیا بڕیارێكی دەركرد، كە بەپێی ئەوە بریارێكی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ساڵی ١٩٣٤ی هەڵوەشاندەوە بۆ گۆڕینی ئایاسۆفیا بۆ مۆزەخانە، كە ئەوەش ڕێگەی خۆشكرد بۆ ئەوەی ئایاسۆفیا جارێكی تر بكرێتەوە بە مزگەوت، دواتر و لەهەمان رۆژدا رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا مەرسومێكی سەرۆكایەتی دەركرد بۆ گۆڕینی مۆزەخانەكە بۆ مزگەوت.

ئایاسۆفیا پێگەیەكی گرنگی لەهەردوو ئیمپراتۆرییەتی بیزەنتی مەسیحی و دەوڵەتی عوسمانی ئیسلامیدا هەبووە، یەكێكیشە لە شوێنە گەشتیارییە هەرە گرنگەكانی توركیا.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی