جۆ بایدن یەكەم كارتی بەڕووی ئەردۆغان بەرزكردەوە

جیهان

13/07/2020‌ 7682 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
جۆ بایدنی پاڵێوراوی پارتی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لەبەیاننامەیەكدا جەختیكردووەتەوە، لەسەر پێویستی پاشگەزبوونەوەی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لەبڕیاری گۆڕینی مۆزەخانەی "ئایاسۆفیا " بۆ مزگەوت.

بایدن لە راگەیەنراوەكەیدا دەڵێت: ئایاسۆفیا جێگایەكی پیرۆزی بەبەهایە و یەكێكە لەسەرسوڕهێنەرە ئەندازیارییەكان بۆ پەیڕەوانی هەموو ئاینە جیاوازەكان، پێشتر بۆماوەی ٨٥ ساڵ مۆزەخانە بووە، كە ئەمە دەرفەتی بۆ هەموو كەس رەخساندووە سەردانی بكەن و سەرسووڕمانی خۆیانی تێدا دەربڕن و نوێژی تێدا بكەن، لەساڵی ١٩٨٥ یشەوە لەلایەن یونیسكۆوە خراوەتە ناو لیستی كەلەپووری جیهانی.

پاڵێوراوە دیموكراتەكەی سەرۆكایەتی ئەمەریكا خەمباری خۆی بەرانبەر بەو بڕیارەی حكومەتی توركیا دەربڕیوە و داواشی لە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا كردووە لەو بڕیارە پاشگەز ببێتەوەو پارێزگاری لە دۆخی ئایا سۆفیا وەك مۆزەخانە بكات.

ئەمە دەبێتە یەكەم كارتی جۆ بایدن، كە بەڕووی ئەردۆغان بەرز دەكرێتەوەو ئەگەری هەیە لەكاتی بوونی بەسەرۆكی ئەمریكا، ناوبراو رێگری لەكارەكانی تری ئەردۆغان لەناوخۆو دەرەوەی توركیا بكات.

رۆژی هەینی رابردوو دوای بریاری دادگای باڵای توركیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاڕێكی سەردەمی مستەفا كەمال ئەتاتورك بۆ گۆڕینی مزگەوتی ئایاسۆفیا بۆ مۆزەخانە، رەجەب تەیب ئەردۆغان مەرسوومێكی سەرۆكایەتی دەركرد بۆ جارێكی تر گۆڕینەوەی مۆزەخانەكە بۆ مزگەوت، كە ئەوەش نیگەرانی و كاردانەوەیەكی زۆری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدوادا هات .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی