سوپای پاسداران زانیارییەكانی "نیویۆرك تایمز" لەبارەی تەقینەوەكانی ئێران بەجەنگی دەروونی ناودەبات

جیهان

15/07/2020‌ 483 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
غولام حوسێن غەیبەت راوێژكاری فەرماندەی سوپای پاسداران، زانیارییەكانی رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی لەبارەی ستراتیژییەتی نوێی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژ بە ئێران بە جەنگی دەروونی ناودەبات و رایگەیاند، قسەكردن لەبارەی تێكدانی دامەزراوە ناوەكییەكان‌و تیرۆركردنی فەرماندەكانی سوپای پاسداران هیچ كاریگەری لەسەر سیاسەتە بەردەوامەكانی وڵاتەكەی نابێت .

پێشتر رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی باسی لەوە كردبوو، كە تەقینەوەكانی هەفتەی رابردووی دامەزراوەی ناوەكیی "ناتەنز"، ماوەی ساڵێك زیاترە پلانی بۆ دانراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردبوو، ئەگەری هەیە تەقینەوەكە لەرێگای بۆمبی چێنراو، یان هێرشی ئەلیكترۆنییەوە بووبێت .

هەروەك رۆژنامەكە لەسەر زاری بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریكاوە گواستبووویەوە، نۆژەنكردنەوەی دامەزراوەكە بۆ دۆخی پێش تەقینەوەكە رەنگە دوو ساڵ بخایەنێت.

رۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە، بەرپرسانی رۆژئاوایی پێشبینی دەكەن ئێران بەرانبەر بەو تەقینەوەیە بەجۆرێك لە جۆرەكان تۆڵە بكاتەوە، ئەویش یان لەڕێگای بەئامانجگرتنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق یان لەڕێگای هێرشی سیبرانی، یان لەڕێگای بەئامانجگرتنی دامەزراوە ژیارییەكانی وەك دامەزراوە داراییەكانی ئەمەریكا یان سیستەمی دابینكردنی ئاو بۆ ئیسرائیل.

هەروەك پێگەی "ستاتفۆرد"ی ئەمەریكی باسی لەوە كردبوو، كە ئەگەری زۆرە ئیسرائیل بەرپرس بێت لە تەقینەوەو ئاگركەوتنەوەكەی نزیك دامەزراوەی ناتەنز لە سەرەتای ئەم مانگە، تەنانەت ئەگەری هەیە تەقینەوەكانی تری نزیك تاران، كە لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا روویاندا وەك تەقینەوەی كۆمەڵگەی مووشەكی خوجیر لە ٢٦ی حوزەیرانی رابردوو دەستی ئیسرائیلی تێدابێت .

پێگەكە وادەبینێت، زیادبوونی بەرچاوی پرۆسەی پەلاماردانی دامەزراوەكانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاماژەیە بۆئەوەی تەلئەبیب پلانی ئەوەی هەیە بۆ سیاسەتی تاكلایەنە پەلاماردانی بەرنامە ناوەكی و مووشەكییەكەی ئێران بگەڕێتەوە .

هەروەها باسی لەوەش كردووە، لەگەڵ ئەوەی تەلئەبیب بەئاشكرا دەستهەبوونی لەو كارانەدا راناگەیەنێت، بەڵام سات و پاڵنەری پشت هێرشەكان ئەگەری ئەوە زیاد دەكەن، كە ئیسرائیل لەپشتی پرۆسە تێكدەرانەكانی دژ بە ژێرخان و دامەزراوەكانی ئێرانە .

وەرگێران: ئاكۆ ئاڵی