بۆچی ئەمریكا لەهەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی ناترسێت؟

مەلەفی تایبەت

23/07/2020‌ 2184 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "فزغلیاد" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی قسەكردنی ترامپ لەوەی هەردوو جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم شاز بوون.

بەپێی راپۆرتەكە، دۆناڵد ترامپ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی تەلەفزیۆنی فۆكس نیوزدا وتی: هەردوو جەنگی جیهانیمان بردەوە، هەردوو جەنگە جیهانییەكە شاز بوون، هەردووكیان قورس و تۆقێنەر بوون.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەم قسانەی ترامپ بوونە مایەی توڕەبوون لە روسیا. لەگەڵ ئەوەشدا، بەهەر هۆكارێك بێت، رەخنە لە بۆچوونە گوماناوییەكانی سەرۆك لە نیشتمانەكەیدا نەگیرا تەنانەت لە رووی ئەخلاقییەوە. بەگوزارشتێكی وردتر، میدیا و شارەزایان و رۆژنامەنووسانی ئەمریكا بە هیچ شێوەیەك لە رووی پراكتیكیەوە گرنگیان بە قسەكانی ترامپ نەدا، لەگەڵ ئەوەی رەخنە لە هەموو قسەیەكی وردو درشتی دەدەن.

لەگەڵ ئەوەدا، هیچ شتێكی سەرەنج راكێش لێرەدا نابینرێت، زۆر بە سادەیی، تێگەیشتنێكی تەواو جیاواز بۆ هەردوو جەنگەكە، تێگەیشتنێك، رێگە بە بەكارهێنانی زاراوەی "شاز" دەدات بۆ ئەو دوو ململانێ مەزنە.

زیانی راستەوخۆ لەو دوو جەنگەدابۆ ئەمریكا زۆر كەم بوون، هەرچی سودەكانییەتی زۆر بوون، دوای جەنگی جیهانی یەكەم، ئەمریكا لە قەرزارەوە بووە یەكێك لەو وڵاتانەی قەرزی دەدا لە جیهاندا، جەنگی جیهانی دووەمیش، ئەمریكا لە هێزێكی گەورەی دەریایەوە كردووە هێزێكی جیهانی زەبەلاح، هەرچی ئەوروپایە، كە لەماوەی سی ساڵدا وێران بوو، خۆی رادەستی بەزەیی كۆمپانیا ئەمریكییەكان كرد.

دوای ئەوەش، هەموو جەنگەكان، تەنانەت جیهانییەكان، كارەساتبار و مەترسی نەبوون لەسەر ئەمریكا، كێشەكە لەوەدایە؛ دیدی ئەمریكا بۆ شازێتی جەنگ، بەوەی هێزێكی پێشڕەو و پۆلیسی جیهانییە، مەترسی لەسەر هەموو جیهان بە گشتی .

بابەتی تێنەگەیشتنی وانشتۆن لە مەترسی تەواوەتی جەنگی وێرانكەر و كردنی بە بابەتێكی دارایی و یاری كردن بە لێواری شەڕكردن لە ژمارەیەك پرسدا (ئێران و كۆریا و ئۆكرانیا)، دەكرێت ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی جیهان لە جەنگی سێیەمی جیهانیدا نقوم بكات و لە زنجیرەیەك ململانێی هەرێمایەتی پێكەوە بەستراو پێك بێت، دیارە ئەم جەنگەش شتێكی شاز نییە، تەنانەت بە بۆ خودی ئەمریكاش.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا