بۆچی پنتاگۆن هێشتا لەبەرانبەر یەگ گاڵۆن بەنزیندا 10 دۆلار دەدات؟

ڕاپۆرت

25/07/2020‌ 3225 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەر ئەمریكییەك بە وێستگەی بەنزیندا تێپەرێبێت، دەزانێت بازاڕەكانی نەوتی جیهانی هەرسیانهێناوە، ئەم هەرەسهێنانە پێش دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، كە جوڵەی ڕۆژانەی ملیونەها مرۆڤی پەكخستووە، بەمەش خواست لەسەر بەنزین زیادی كردووە، كێبركێشی خستە نێوان شانشینی سعودییە و ڕوسیاوە لە خستنەڕووی نەوتدا، كە هەریەكەیان گەرەكی بوو ئەوەی دیكە ئاوت بكات، بەمەش نرخی نەوت پاشەكشەی كرد، مانگی پێشووش نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی خۆرئاوای تكساس لە 37.63 دۆلارەوە بۆ نزیكەی كەمتر لە 20 دۆلار داكشا، شارەزایانیش ئەمە بە مەترسییەكی گەورە دەزانن كە تازە بە تازە لە بواری بزنسی نەوتدا سەریهەڵداوە. 

لە 12 مارس ئاژانسی بەرگری لۆجستی (DLA) سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن)، بۆ گەیاندنی 333000 هەزار گاڵۆن سوتەمەنی فڕۆكە بۆ فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان، ڕێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای خزمەتگوزارییە لۆجستییەكانی جەنگ لە ڤیرجینیا (DGCI) واژووكردووە، سەرباری ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە عێراق  لە هەموو ناوچەكانی دیكەی جیهان كەمتری تێدەچێت، ئاژانسی بەرگری لۆجستی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ڕازی بوو لە بەرانبەر هەر گالۆنێك سوتەمەنی فڕۆكە فیشكەدارەكان بڕی 10.04 دۆلار بدات، ئەمەش  زیاترە لە سێ ئەوەندە بۆ پێنج ئەوەندەی تێكڕای نرخی جیهانی بەرهەمهێنانی ئەو سوتەمەنییە، واتە 2 بۆ 3 دۆلار زیاتر بۆ هەر گاڵۆنێك، كە ئاژانسی بەرگری ناوبراو بۆ مانگی مارسی ڕابردوو داویەتی.

شروتی شا- ی سەرۆكی (هاوبەندی لە پێناو دەستپاك)، كە ڕێكخراوێكی قازانج نەویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بارەگاكەشی لە واشنتۆنە وتی: ئاشنام بەو نرخەی ئەو سوتەمەنییەی پێ دەكڕدرێت، گومانیش لەوەدا نییە، كە 10 دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێك سوتەمەنی نیشانەیەكی سوری گەندەڵی خراپ بەڕێوەبردنە، نوێنەرانی گشتی چاودێری بەدەم ئەو داواكارییانەوە نەهاتن، كە داوای ڕاگرتنی ئەو جۆرە مامەڵەی كڕینەیان دەكرد، پنتاگۆن- یش لەوبارەوە وتی ئەم مامەڵەیە بەو نرخە بەرزە تەنیا بۆ دۆخی لەناكاو و كتوپڕە. 

هەروەها پاتریك ماكین- ی جێگری بەرێوەبەری كاروباری گشتی ئاژانسی بەرگری لۆجستی وتی: ئەو مامەڵەی كڕینە كە ئاژانسەكە ئەنجامی داوە چەند لایەنێكی تاكگەرا پێی هەستاون، ئەمەش بە هۆی پڕۆسەكانی هاوردەكردنی سوتەمەنی پێویستەوە بووە لە عێراق، ئەو مامەڵە كتوپڕە بۆ ئەوە بووە ئەركە خێراكان پەكیان نەكەوێت.

شا وتیشی: ئەو جۆرە مامەڵە كتوپڕانە كارێكی خراپن، چونكە چەندەها پڕۆسەی مەترسیداری وەك فرتوفێڵ و خراپ بەكارهێنان و بەفیڕۆدان لەخۆدەگرن،لەوانەشە پێشیلكاری هەندێك لەو پڕۆتۆكۆڵانە بێت كە پێشتر واژووكراون.

تەنیا لە مانگی مارسی ڕابردوودا، ئاژانسی بەرگری لۆجستی بڕێكی زۆر لەو سوتەمەنییەی لە كۆمپانیای خزمەتگوزارییە لۆجستییەكانی جەنگ كڕیووە كە بڕەكەی دەگاتە 1.48 ملیۆن گاڵۆن سوتەمەنی بە نرخی 8.08 دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێك كڕیووە, ئەمە جگە لە ملیۆنەها گالۆنی دیكە لە جۆرەكانی دیكەی سوتەمەنی. لە كاتێكدا كرێنی ئەو سوتەمەنییە بە شێوەیەكی ڕۆتینی لە مانگی مارسدا زۆر بەدەگمەن ڕوویداوە، بۆیە پێداچوونەوە ئەو گریبەستانەی كڕینی سوتەمەنی لە لایەن ژمێرەی حكومییەوە ئەوە دەردەخات كە سوپا بۆ ساڵانێیك زۆر بڕە پارەیەكی زۆری لە كڕینی ئەو سوتەمەنییەدا خەرج كردووە و داویەتە كۆمپانیای خزمەتگوزارییە لۆجستییەكانی جەنگ (DGCI).

ناشێت ئەو بڕە پارە زۆرانە بە بەردەوامی لە لایەن سوپای ئەمریكا بۆ كڕێنی سوتەمەنی خەرج بكرێن، بەڵام عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستانیش بە تایبەتی یەكێكە لە گەندەڵترین ناوچەكانی سەر گۆی زەوی، هەر ئەمەش پاڵنەر و هۆكاری ناڕەزایی توندی هاوڵاتییانی عێراق بوو لە زستانی ڕابردوودا. ستیوارت بۆین- ی پشكنەری گشتی پێشووی تایبەت بە ئاوەدانكردنەوەی عێراق كە تاوەكو ساڵی 2013 سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەی بووە لە پرسی خراپ بەكارهێنانی دارایی حكومەتی ئەمریكا لە عێراق وتی: گەندەڵی لە بەغدا وهەولێر تەشەنەی كردووە و بەربڵاوە، بە تایبەتیش لە كەرتی ووزەدا، ئەمەش زیانێكی گەورەی بە عێراق گەیاندووە.

ئەم گەندەڵییە وای لە سوپای ئەمریكا كردووە تووشی هەڵاوسانی نرخی سوتەمەنی بێت، قازانجی ئەم دۆخەش دەچێتە گیرفانی سیاسییە خۆجێیەكانی عێراقەوە. بەرپرسێكی دیكەی شارەزای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە داوای كردووە ناسنامەكەی ئاشكرا نەكرێت وتی: حكومەتی ئەمریكا بۆدەستكەوتنی سوتەمەنی ئاسایی وەك بەنزین یان دیزل لە عێراق تووشی زۆر گرفت و ئاستەنگ بووە، چونكە گریبەستەكانی گواستنەوەی ئەو سوتەمەنییە ئێجگار قازانبەخشن. ئەو بەرپرسە گوتیشی: ئەو سوتەمەنییەی حكومەت بە شێوەیەكی سەرەكی دەسەڵاتی بەسەردا ناشكێت، لە لایەن خێزانە گەورەكانی عێراقەوە حەپەلۆش دەكرێت.

دیارە كە كۆمپانیای خزمەتگوزارییە لۆجستییەكانی جەنگ (DGCI) تووشی ئەم دۆخە بووە، سەرچاوەكان دەڵێن ئەو كۆمپانیایە بە هۆی پەیوەندییە گوماناوییەكانی بە كۆمپانیای "Triple Arrow" كوردییەوە، دەشێ لە شیرینی ئەو گرێبەستانە سوودمەند بوو بێت، چونكە كۆمپانیا كوردییەكە بە هۆی ئەو هەژموونە سیاسییەی هەیەتی دەتوانێت جڵەوگیرییەكی كارای هەبێت بەسەر پڕۆسەی دابینكردنی سوتەمەنییەوە كە لە هەرێمی كوردستانەوە دێت. سەرچاوەیەك لە ناو دەزگای پیشەسازی نەوتەوە كە نەیەویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت وتی: هەموو ئەو بەرهەمە نەوتییانەی دێنە هەولێرەوە لە ژێر كۆنتڕۆڵی كۆمپانیای "Triple Arrow" دان.

بەرپرسەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای پێشووی ئاماژەبۆكراو وتیشی: ئەو سەوداو مامەڵانە ئاسایی نین و لە ناوجەرگەی دەسەڵاتەكەی هەرێمی كوردستاندا ڕەگیان داكوتاوە و مافیایەكی زەبەلاحن.

بە گوێرەی قسەكانی ماكین، ئاژانسی بەرگری لۆجستی (DLA) دان بەو زانیارییانەی سەرەوەدا دەنێت و دەڵێت: بڕیاری كڕینی سوتەمەنی لەو كۆمپانیا ئاماژەبۆكراوەی سەرەوە كە گرێبەستە حكومییەكان جێبەجێ دەكات بۆیە پەسەندكراوە تاوەكو سوتەمەنی پێویست بە خێرایی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان دابین بكات.

چارڵز تیفیز- ی مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی زانكۆی بەلتیمۆر و ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆنگرێسی تایبەت بە گرێبەستەكانی سەردەمی جەنگ وتی: ئەو گرێبەستانە گراننرخ بوون، چونكە بۆ هێنانی سوتەمەنی لە سنورە كوردییەكانەوە، پێویستە بڕە پارەیەكی زۆر وەك بەرتیل بدەیت. 

كومپانیای خزمەتگوزارییە لۆجستییەكانی جەنگ (DGCI) چۆن ئەو سوتەمەنییەی دەست دەكەوێت؟ 
لە ڤیرجینیا كۆمپانیای "Triple Arrow" بە ناوی كۆمپانیاییەكەوە تۆماركراوە كە خاوەنەكەی بەڕێوەبەرێكی داراییە لە كومپانیای خزمەتگوزارییە لۆجستییەكانی جەنگ (DGCI). بەڵام كۆمپانیای "Triple Arrow" لە عێراق بە ناوی (عەلی هاشم) ناوێكە، ئەو پیاوە لە نامەیەكی نووسراودا دڵنیایی ئەوەی داوە كە لەگەڵ گروپی زۆزك كار دەكات كە یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیاكانی ناوچەكە، ئەو گروپە بە ڕواڵەت كۆمپانییایەكی ئەندازەییە و پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ یەكیەتی نیشتمانی كوردستاندا هەیە كە یەكێكە لە دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی هەرێمی كوردستان. 

پەیوەندییە پتەوەكانی زۆزگ لەگەڵ بەرپرسە كوردییەكاندا وای لێكردووە خاوەن زێدەمافی بەستنی گرێبەستەكان بێت. لە كێشەیەكی نێوان كۆمپانیایەكی ئیماڕاتی و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لە ساڵێ 2013، دادگا ئەوەی ئاشكرا كرد كە كوردەكان داوایان لە كۆمپانیای نەوت كردووە بەهەمان شێوەی هەردوو كۆمپانیای (كار و نۆكان) گروپی زۆزك وەك بەڵێندەری شاراوە بخەنەگەڕ، ئەمەشیان كردۆتە پێشمەرجێك بۆ بەرێوەچوونی كار و بزنس لە ناوچەكە. ئەو دادگایە كە بارەگاكەی لە لەندەنە لە بڕیاری كۆتایدا سەبارەت بە كێشەكە نوسیوویەتی: كۆمپانیاكانی نۆكان و زۆزك سەر بە یەكیەتی نیشتمانی كوردستانن كە لە شاری سلێمانیدا خاوەن هەژموونە، بەڵام كۆمپانیای كار پەوەستە بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كە بارزانییەكان جلەوگیری دەكەن، بارزانییەكان ساڵی ڕابردوو لە ناوچەی (بیفرلی هیڵز) دوو كۆشكیان بە بڕی 47 ملیۆن دۆلار كڕیووە.

لە ساڵی 2013 دا كۆمپانییایەكی قوبڕسی داوایەكی لە دادگا تۆمار كردووە و تیایدا كۆمپانیای زۆزك- ی وەك كەناڵێك پێدانی بەرتیل لە قەڵەمداوە كە بەرتیلی داوەتە عومەر فەتاحی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی هەرێمی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان. لە داوایەكی دادگایی دیكەدا كە حكومەتی كازاخستان لە دادگایەكی سویدی لە ساڵی 2019 دا تۆماری كردووە دەڵێت كە (ئەناتۆلی ستاتی) سەرمایەداری ئۆزبەكی كۆمپانیای زۆزك- ی بەكارهێناوە لە پێدانی دەیەها ملیۆن دۆلار لە سامانی كازاخییەكان بە بەرپرسە كوردەكان. 

شا باسی لەوەش كردووە كە ئەم جۆرە كار و كردەوانە زۆر خراپن، ئەو گوتی: یەكێك لە نیشانە خراپ و سورەكان ئەوەیە كە بەرپرسێكی بیانی پێت دەڵێت پشت بە لایەنێكی سێیەم ببەستی، تۆش ناچار دەبیت پشت بەو لایەنی سێیەمە ببەستیت، شا ئەوەشی گوت: هاوبەشەكانی زۆزك- بە پنتاگۆنی ئەمریكیشەوە- دەبێت نیگەرانبن لەو قسانەی لە بارەی گەندەڵییەوە دەكرێت. هاشم هەرگیز وڵامی چەند پرسیارێكی دیاریكراوی نەداوەتەوە كە تایبەتن بە بزنسی گروپی زۆزك. خاوەنی كۆمپانییاكە و غالب برادۆستی بزنسمان و بەشار تۆفیق فرۆشیاری سەرەكی زۆرێك لە كۆمپانیاكانی سەر بە زۆزك، وڵامی داواكارییەكانی منیان نەداوەتەوە.

لە كاتێكدا سەوداكانی كومپانیای خزمەتگوزارییە لۆجستییەكانی جەنگ (DGCI) جێگەی پرسیارن سەبارەت بە پەیوەندییەكانی زۆزك بە حكومەتی عێراقییەوە، كڕینی سوتەمەنییەكانی دیكە كە دوو بەڵێندەری سەربازی لە باكوری ڤیرجینیا – سالیبورت بۆ خزمەتگوزاری جیهانی و ئەندازەیی تەلارسازی لە ئۆقیانوسی هندی- پێی هەستاون، ئەوە نیشان دەدەن چۆن گروپی زۆزك تۆڕێك لە كۆمپانیای وەهمی بەكارهێناون بۆ شاردنەوەی موڵكداری كۆمپانیا لاوەكییەكانی، ئەمەش بە مەبەستی خۆپاراستن لەوەی بچنە لیستی ڕەشی پنتاگۆنەوە، دوور نییە نەوتی یاساغی ئێرانییان بە دامەزراوە سەربازییەكانی ئەمریكاش فرۆشتبێت.

لێرەدا تۆڕی پەیوەندییە بەیەكداچووەكان، بەڵام بەیەكداچوونی موڵكداری كۆمپانیاكە و ژمارە تەلەفۆنەكانیان و زانیارییەكانی سەربارەت چۆنییەتی سەركردایەتیكردنیان كە لە بنكەكانی زانیاری گشتی و داتاكانی كۆمپانیاكانەوە دەستكەوتوون، دەمانگەیەننە سەرەداوی دوو كۆمپانیای دیكە كە لە لیستی ڕەشدان، ئەوانیش هەردوو كۆمپانیای (نیسمات ئەلشەمال) و (سور ئەلفتحە) كە پەیوەستن بە زۆزكەوە، ئەمە جگە لە كۆمپانیای دیكەی وەك (خەیرات وەتەن و Iraqi Frond) كە تایبەتن بە دابینكردنی سوتەمەنی بۆ بنكە سەربازییەكان لە عێراقدا.

لە ساڵی 2018، بە هۆی گرفتێكی ئەمنییەوە، وەزارەتی بەرگری ڕێگری لە بەڵێندەرە سەربازییەكان كرد سوتەمەنی لە (نیسمات ئەلشەمال) و (سور ئەلفتحە) و كۆمپانیایەكی دیكە -ئەگەری زۆرە كۆمپانیای نەوتی باكور بێت- بكڕن. تیم بریۆیت- ی بەرێوەبەری سەنتەری كارگێڕی لۆجستی لە باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بە ئیمەیڵێك كە لە ساڵی 2019 ئاراستەی (سالیپۆرت) ی كردووە وتی: ئەو سێ كۆمپانیایە لە لایەن وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ ڕێیان لێگیراوە، بەوەی نابێت وەك سەرچاوەیەك بۆ كرێنی سوتەمەنی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت. بە گوێڕەی كەسێك كە پەیوەندی لەگەڵ زۆزك هەیە، ئەو كۆمپانیایانەی خراونە لیستی ڕەشەوە، چونكە سوتەمەنی ئێرانییان فرۆشتووە.

دوای ناردنی ئیمەیڵیك لە لایەن Prewitt، سالیپۆڕت مامەڵەی لەگەڵ كۆمپانیای نسیمات وەستاند، بەڵام بەردەوام بوو لە كڕینی سوتەمەنی لە خەیرات كە لەگەڵ كۆمپانیای نسیمات هاوبەشبەندی هەبووە.

بە گوێرەی دوو سەرچاوە كە ئاگاداری كڕینی سوتەمەنین لە سالیپۆرت، لە ساڵی 2019 كۆمپانیای خەیرات سوتەمەنی سالیپۆرت- ی بە نرخی 3.50 بۆ 3.60 دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێك فرۆشتووە، لە كاتێكدا كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی سەر بە حكومەتی عێراقی نرخی سوتەمەنی بە نزیكەی 2.29 دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێك دیاری كردبوو كە بە هێزە سەربازییە بیانییەكان بفرۆشرێت، ئەم گرێبەستەش لە دەست سالیپۆڕت- دا بووە، ئەمەش زۆر لەو نرخە كەمترە كە سالیپۆرت داویەتی. تا نۆڤەمبەری ڕابردوو، سالیپۆرت مانگانە بڕی 500 هەزار گاڵۆنی سوتەمەنی لە كۆمپانیای خەیرات كڕیووە.

ئاماژەكان بەرەو ئەوەن كە ئەو نرخەی سوتەمەنی پێ لە كومپانیای خزمەتگوزارییە لۆجستییەكانی جەنگ (DGCI) كڕادراوە زۆر نزیك نییە لە نرخە ڕاستەقینەكەی سوتەمەنی، بۆیە سالیپۆڕت هێشتا لەو بڕە پارەیە زیاتر دەدات كە پێویستە. بۆیە جیسیكا تیلمان- ی مامۆستای وانەبێژ و ڕاگری كۆلێژی مافەكانی زانكۆی جۆرج واشنتۆن و شارەزای یاسای گەندەڵكاریییە بیانییەكان دەڵێت: یان ئەوانەی ئەم كارە دەكەن وەك پێویست بایەخی پێنادەن، یان بەرەو ئاراستەیەكی دیكە هەنگاو دەنێن.

ئەندازیارانی تەلارسازی ئۆقیانوسی هیندی كە كاروباری باڵوێزخانەی ئەمریكا لە عێراق ڕایی دەكەن وڵامی داواكاریەكانی هەڵپەساردنی كاركردن لەگەڵ كۆمپانیای خەیرات – یان نەداوەتەوە لەو ساوەی كۆمپانیای نسیمات خراوەتە لیستی ڕەشەوە. دیار نییە كۆمپانیای PAE لە بەرامبەر كڕینی سوتەمەنی لە كۆمپانیای خەیرات چەند پارە دەدات، بەڵام بەڵگەنامەكانی گرێبەستی گشتی سالی 2019 ئەوە دەردەخەن كە كۆمپانیا ئەمریكییەكە بای ملیۆنەها دۆلار مامەڵەی لەگەڵ كۆمپانیاكانی پەیوەست بە زۆزك-ەوە كردووە. بەڵگەنامەیەك كە لە یەنایەری ئەمساڵ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دزەی پێكراوە ئەوە نیشان دەدات كە كۆمپانیای خەیرات مانگانە نزیكەی 1.7 ملیۆن گالۆن سوتەمەنی جۆراوجۆری بۆ دامەزراوە دبلۆماسییە ئەمریكییەكان دابین كردووە.

ئەو مامەڵەی كڕینانە لەوانەیە گرفت بۆ سلیپۆڕت و PAE دروست بكەن، تیلمان وتیشی: مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی بە یاسا خراونە لیستی ڕەشەوە زۆر مەترسیدار و پڕ كارەساتە، تەنهاش ئەوەندە بەس نییە لەسەر سەرپێچییەكانیان سزایان بەسەردا بسپەێندرێت.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا مامەڵەی لەگەڵ كۆمپانیایەكی دیكەی پەیوەست بە گروپی زۆزك- ەوە هەیە، ئەویش كۆمپانیای Iraqi Frond یە. لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی بەرگری دوو گرێبەستی بۆ ماوەی 6 مانگ بە بڕی 2.5 ملیۆن دۆلار بەخشیوەتە كۆمپایناییەكی كوردی بە ناوی "دەشتی سانات". بە گوێرەی ڕینماییەكانی وەزارەتی دەرەوە، ئەو كۆمپانیایەش بە جۆریك لە جۆرەكان پەیوەستە بە كۆمپانیای Iraqi Frond، مانگانەش بڕی 83 هەزار گالۆن سوتەمەنی دیزلی گەیاندۆتە دوو بنكەی سەربازی عێراق. بە گوێرەی گرێبەستەكانی كۆمپانیای دەشتی سانات، پنتاگۆن دەیتوانی بڕی 5.03 دۆلار خەرج بكات بۆ كرێنی هەر گاڵونێك سوتەمەنی.

لە دوای 17 ساڵ لە داگیركردنی عێراق بۆین گوتی: كە سەوداو مامەڵەكانی گروپی زۆزك ناوچەیەكی دیكەی تاریكاییە لە فرتوفێڵ و تەڵەكەباز و لەفیڕۆدانی پارەوپول و خراپە مامەڵەكردن. 

تیلمان ئەوەشی گوت: ئەمەی ڕوودەدات كارێكی باش نییە و گەیشتۆتە ترۆپكی ڕسوایی.

سەرچاوە: THE SOAPBOX
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر