روسیا لە مانگی داهاتوو ڤاكسینی دژەكۆڕۆنا تەواودەكات

تەندروستی

30/07/2020‌ 324 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
روسیا دەیەوێت تا پێش ناوەڕاستی مانگی هەشتی ئەمساڵ، كەمتر لە دوو هەفتەی دیكە، ڤاكسینەكەی، كە دژی ڤایرۆسی كۆڕۆنایە تەواوبكات.

پەیمانگای گامالیای روسی، سەرقاڵی پەرەپێدانی ڤاكسینێكە دژی كۆڕۆنا و رایگەیاند، تا ١٠ی مانگی ٨ی ئەم ساڵ تەواوی دەكەین و بۆ بەكارهێنان پەسەندی دەكەین.

دوای پەسەندكردنی ڤاكسینەكەش، سەرەتا چاودێریكارانی تەندروستی، كە لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی كۆڕۆنا دان، ڤاكسینەكە وەردەگرن.

شارەزایان ئەو هەوڵەی روسیا بە كارێكی نازانستی دادەنێن و دەڵێن: جێگیركردنی كاریگەری و سەلامەتی ڤاكسینی دژەكۆڕۆنا، پێویستی بە بەڵگە و توێژینەوەی فراوان و ورد هەیە.

هەروەها كیریل دیمیتریڤ، سەرۆكی سندوقی راستەوخۆی وەبەرهێنانی روسی، دەڵێت: ئەوە چركەساتی سپوتینك دەبێت و دەبینە یەكەم وڵات، كە ڤاكسین پەسەنددەكەین.

ڤاكسینی گامالیای روسی، ڤاكسینی دژەكۆڕۆنا، لەسەر پلاتفۆڕمی "Non-Replicating Viral Vector" دروستكراوە، كە بنچینەكەشی ئەدینۆڤایڕۆسە، ڤاكسینەكە بە یەك ژەم لەڕێی ماسوولكە لێدەدرێت.

ئامادەكردن: عیسا عەبدولرەحمان

بەپەلە