ئەو راستییە سەرنجراكێشانەی لەبارەی ئابووریی چینەوە نایانزانین

لە میدیاکانەوە

01/08/2020‌ 1252 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەماوەیەكی پێوانەییدا، كە دوو دەیە تێپەڕ ناكات، چین لە وڵاتێكی تازە گەشەسەندووەوە بوو بە وڵاتێك گەورەترین مەترسی لەسەر هەژموونی ئەمەریكا لەسەر جیهان دروستبكات.

گۆڤاری " Muy Negocios & Economía" ی ئیسپانی بڵاویكردەوە، چین سەرەرای ئەوەی گەورەترین هەناردەكاری كاڵا و شتومەكە لە جیهاندا، بەڵام ئەو موعجیزە ئابوورییەی بەدەستیهێناوە هەر تەنیا دروستكردن و هەناردەكردنی نییە بۆ دەرەوە، بەشێوەیەك زۆرینەی ئەو كەلوپەلانەی لەهەر ماڵێكی ئەو جیهانە دەستی بۆ بەری، رەنگە لێی نووسرابێت "لە چین درووستكراوە".

لەپشت شەڕە بازرگانییەكەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا دژ بەڕكابەرە چینییەكەی حساباتی دوورتر لە شەڕی تەكنەلۆژیای نەوەی پێنجەمی تۆرەكانی پەیوەندیكردن ‌و بابەتە ئەمنییەكان هەیە، ئەوە سەرباری ئەوەی ئەگەر هاتبا و بیست ساڵ لەمەوبەر بووایە بە شەڕێكی نابەرانبەر و ناوهاوتا هەژمار دەكرا، بەڵام لەئێستادا شەڕێكی هاوسەنگەو كەس نازانێت كێ بەسەركەوتوویی لێی دێتەدەر؟

لەئێستادا كۆمپانیا چینییەكان لە سەرانسەری جیهاندا، لەهەموو بوارەكاندا ڕكابەری كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دەكەن، بەشێوەیەك چیتر تەنیا بەوە جیاناكرێنەوە، كە بەرهەمی هەرزان و كەمكولێتی دروست دەكەن، بەڵكو وردە وردە وەك بەرهەمهێنەری كاڵای خاوەن كوالێتی ناویان دەركردووە.

هاوردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە ئەمەریكا 
چین گەورەترین بازاڕی ساغكردنەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی ئەمەریكایە، بەشێوەیەك ساڵانە بە بەهای ٩،٢ ملیار دۆلار بەرهەمی كشتوكاڵی جوتیارانی ئەمەریكا دەكڕێت. 

پێگە گرنگەی چین وەك كڕیاری سەرەكی بەرهەمی كشتوكاڵی ئەمەریكا، یەكێكە لە گرنگترین ئەو چەكانەی بەدەستی چینەوەیە بۆ وەڵامدانەوەی پێناسە گومرگییەكانی ئەمەریكا  .

گەورەترین بازرگانی وردەفرۆش
ئەگەر تۆ پێتوایە كۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمەریكی، زۆرترین شمەك دەفرۆشێت و هیچ ركابەرێكی نییە، ئەوە هەڵەیت، لەبەر ئەوەی گرووپی عەلی بابا  Alibaba) ) ی چینی، كە خاوەندارێتی كۆمپانیای عەلی ئێسكپرێس (  AliExpress) یش دەكات، گەورەترین كۆمپانیای وردەفرۆشییە لە جیهاندا، جا لەڕێگای ئینتەرنێتەوە بێت یان بەشێوازی فرۆشتنی كلاسیكی، بەشێوەیەك ئەو كۆمپانیا زەبەلاحە چینییە ساڵانە سێقاتی كۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمەریكی دەفرۆشێت.

دووەم وڵاتە لەڕووی ژمارەی ملیاردێرەكانەوە 
لەساڵی ٢٠١٨ دا ، چین ٣٨٨ ملیاردێری تێدابووە، واتا نیوەی ژمارەی ملیاردێرەكانی ئەمەریكا،  كە ٦٨٠ ملیاردێرە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە دەوڵەمەندەی چین، لە هەموو وڵاتانی جیهان زیاتر خێراتر گەشەی كردووە.

خەرجكردنی پارە لە كاڵا كەشخە و گرنبەهاكان 
بەپێی دامەزراوەی ماكینزی بۆ كاری راوێژكاری، لە راپۆرتی ساڵی ٢٠١٦ دا نزیكەی ٧،٦ ملیۆن خێزانی چینی توانای دارایی ئەوەیان هەیە كەلوپەلی گرنبەها و جوانكاریی بكڕن، بەشێوەیەك لەساڵی ٢٠١٨ دا بە بەهای ٧٣ ملیار دۆلار كاڵای گرانبەها و كەشخەیان كڕیوە، كە ئەوەش سێیەكی فرۆشی جیهانی ئەو چینە لە بەرهەمە گرانبەهاكان.

بەرزبوونەوەی هەناردەی چین 
رژێمی شیوعی چین لەبەر چەند هۆكارێك، بۆ ماوەی چەند ساڵێك ئابوورییەكەی لە جیهان دابڕیبوو، بەجۆرێك بەشێوەیەكی زۆر دەگمەن بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی تردا دەكرد.

بەگوێرەی داتاكانی بانكی نێودەوڵەتی، پێشتر هەناردەی چین تەنیا ٣٪ی تێكرای داهاتی نەتەوەییەكەی بووە، بەڵام لەساڵی ٢٠١٠ ئەو ژمارەیە بۆ ٢٦٪ بەرزبووەتەوە، لەساڵی ٢٠٠٦ دا هەناردەی چین گەیشتووەتە لوتكە كاتێك ڕێژەكەی گەیشتە ٣٦٪ی ئابووری نیشتمانی ئەو وڵاتە .

بەرزبوونەوەی تێكرای داهاتی تاك لە چین 
بووژانەوەی ئابووری چین هەر نەبووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ملیاردێرەكان، بەڵكو كاریگەریی هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی بژێوی چینی كاركەر، بەشێوەیەك لەنێوان ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٢ ، تێكرای داهاتی خێزانی چینی لە ٩٨٧ دۆلارەوە بۆ ٤٢٧٣ دۆلار بەرزبووەتەوە، واتە بەڕێژەی ٤٠٠٪ بەرزبوونەوەی تۆمار كردووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی