"ئێمە مەڕ نین".. ئەمریكییە بە ڕەگەز ئەفریقییەكان چەك دەكڕن

مەلەفی تایبەت

01/08/2020‌ 1115 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری " غازیتا رو" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی مەترسییەكانی چەك كڕین لەلایەن ئەمریكییە بە رەگەز ئەفریقییەكان، بەهۆی خۆپیشاندانەكان و بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری.

بەپێی راپۆرتەكە، خۆپیشاندانەكان دژی رەگەزپەرستی و توندوتیژیەكانی پۆلیسی ئەمریكا خاو نەبوونەتەوە و تا ئێستاش لە شارە گەورەكانی ئەو وڵاتە بەردەوامن، زۆربەشیان توندوتیژیان بەخۆیانەوە نەبینیوەو بەگژ هێزە جێبەجێكارەكانی یاسادا نەچوونەتەوە. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، لەگەڵ ئەوەشدا، دۆخی ژمارەیەك لە شارەكان ئاسایی نەبووەتەوە، بەتایبەتی هێزی فیدراڵی نێردراون بۆ پۆرتلاند تا دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەن و هەمان رێكار لە سیتال و ئوكلاند گیراونەتەبەر، كەچی تا ئێستا كارە تێكدەرەكان نەوەستاون.

بەهۆی بەردەوام بوونی گرژییەكانیشەوە، پرسیارێكی گرنگ ئەوەیە، كە پێدەچێت هەڵكشانەكان سەر بكێشن بۆ پێكدادانی چەكداری و دەستووریی ئەمریكاش دووپاتی مافی هەر ئەمریكییەك دەكاتەوە لە خاوەنداری چەك و هەڵگرتنیشی.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی پۆلیتیكۆ، كە لەسەرۆكی كۆبەندی ئەفرۆ-ئەمریكی بۆ خاوەن چەكەكان (فیلیپ سمیس) گواستوویەتییەوە، ژمارەی ئەندامەكانی رێكخراوەكەی ٣٠ هەزار كەس زیادی كردووە، لەگەڵ ئەوەی تێكڕای ساڵانەی ئەوانەی تازە دێنە ئەوێ‌ لە سنووری دوو هەزار كەسدایە.

سمیس لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەو رۆژانە بەسەر چوون، كە ئەمریكییە بە رەگەز ئەفریقییەكان دابنیشن و گۆرانی "كومبانیا" بڵێنەوە بەهیوای ئەوەی یەكێك بێت و رزگاریان بكات، "ئێمە خۆمان رزگار دەكەین، لە ئێستا ئێمە مەڕ نین".

لە هەمان كاتدا، سەرژمێرییەكانی دامەزراوەی نیشتمانی بۆ تیرهاویشتن و وەرزش، دووپاتیدەكاتەوە داواكاری لە نێو ئەمریكییە بەرەگەز ئەفریقییەكاندا بۆ چەكی ئاگرین زیادی كردووە. 

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی دامەزراوەكە فرۆشتنی چەك لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵدا بە رێژەی ٩٥% بەرزبووەتەوە و فرۆشتنی كەل و پەلەكانیشی بە رێژەی ١٣٩%؛ بە بەراورد بەهەمان ئەو ماوەیەی ساڵی رابردوو.

بەگشتی، بەرزبوونەوەی داواكاری كڕینی چەك لە نێوە ئەمریكییە بەرەگەز ئەفریقییەكان و گرنگیدانی رەشپێسەتەكان بەرێكخراوەكانی چەك ئاماژەی خراپن لەنێو ناڕەزایەتیەكاندا. 

ئەوەشی زیاتر دۆخەكە ئالۆز دەكات، ئەو راستییەیە، كە پەتای كۆرۆنا زیانی بە ئەمریكییە بەرەگەز ئەفریقییەكان زیاتر گەیاندوە، وەك لە سپی پێستەكان.

لە راپرسییەكی "فاینانشیال تایمز" لە یۆنیۆدا، ٧٤% ی ئەمریكییە بە رەگەز ئەفریقییەكان باسیان لەوە كردووە دۆخی داراییان بەهۆی ڤایرۆسەكەوە زۆر خراپە، لەكاتێكدا رێژەی خراپی دۆخی سپی پێستەكان ٥٨% بووە.

ئەم دۆخە، ناڕەزایەتی ئەمریكییە بە رەگەز ئەفریقییەكان بەردەوام دەكات، ئەوان بەبێ ئەمەش باسیان لە جیتكاری رەگەزی دەكرد لەلایەن پۆلیسەوە. بەم شێوەیە، دەسەڵاتدارانی ئەمریكا مەترسی روبەروبونەوەی چەكداری دێتە بەردەمیان لەلایەن چەكدارەكان و ئەوانەی بێ كارن.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا