پارتی هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته راگه‌یاند

عیراق

02/08/2020‌ 2200 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هۆشیار زێبارى ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئاشكرایكرد، بڕیارى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بڕیارێكى دروسته‌، به‌ڵام ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن رێكار و ئاماده‌كارى ده‌وێت.

له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر هۆشیار زێبارى ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگه‌یاند: "بڕیارى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بڕیارێكى دروسته‌، به‌ڵام ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن رێكار و ئاماده‌كارى، ته‌كنیكى، یاسایی، سیاسى، ئه‌منى و نێوده‌وڵه‌تى تایبه‌تى پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كى گونجاودا به‌ڕێوه‌بچێت".

31ی ته‌مووز مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، 6ی مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریكرد، لەكاتێكدا هێشتا لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن و ناكۆكی لەنێوانیاندا هەیە.

دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، جارێكی تر گۆمی سیاسی عێراقی شڵەقاندەوە، بەو پێیەی زۆرێك لە هێزە گەورە شیعییەكانی عێراق دژی ئەم هەنگاوەن، بۆیە چاوەڕوانی ئاڵۆزتربوونی دۆخی سیاسی عێراق دەكرێت.

هاوكات ریاز مەسعوودی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون رایگەیاندووە: بەشێک لە هێزە سیاسییەکان نایانەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت کە ماددەی 15ی یاسای هەڵبژاردنەکان، کە تایبەتە بە بازنەکانی هەڵبژاردنەوە،  ئاستەنگی هەرەگەورەی بەردەم تیپەڕاندنی یاساکەیە.

مەسعوودی لەلێدوانێکدا باسی لەوەکردووە: جیاوازی لەتێڕوانینی لایەنە سیاسییەکاندا هەیە سەبارەت بە بەڕێوەچوون یان بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەویش بەپێی باشی و خراپی دۆخی هەر لایەنێک لەناو جەماوەردا دەگۆڕێت.

زۆرێك لەبەرپرسانی عێراق، پێشبینی دەكەن 10 مانگی داهاتوو، پڕبێت لە كێشمەكێش و ئاڵۆزی و تەنانەت ترسیان لە خراپبوونی دۆخی ئەمنیش هەیە، بەو پێیەی هێزە شیعیەكان لەڕووی پێگەی جەماوەری یەوە، ئامادە نین بۆ هەڵبژاردن، بڕیارەكەی كازمیش وەك قۆستنەوەی هەل لەدژیان تەماشا دەكەن.