بەرهەم ساڵح: ئه‌وانه‌ی كه‌مته‌رخه‌مبوون له‌ به‌ده‌سته‌وه‌دانی شه‌نگال به‌ داعش سزا ده‌درێن

عیراق

02/08/2020‌ 611 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سه‌رۆكی كۆماری عێراق رایگه‌یاند، حکومەتی عێراق لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە دەخوازێت مافێکی شایستە بۆ ئەوانەی بونەته‌ قوربانی کردەوەکانی دەستی داعش قەرەبوو بکاتەوە، ئەوانەشی لەو تاوانەدا کەمتەرخەم بون و بە سزای یاسایی بگەیەنێت.

به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق  له‌میانی وتارێكدا له‌ میانی سەرپەرشتیكردنی کۆنگرەی یادی شەش ساڵەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان رایگەیاند، "ئەو تاوانەی شەش ساڵ لەمەوبەر بەرامبەر ئێزیدییەکان ئەنجام دراوە، تاوانێکە وەک جینۆسایدکردنی مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێت و لە ئێستاشدا حکومەتی عێراق لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە دەخوازێت مافێکی شایستە بۆ ئەوانەی بونەت قوربانی کردەوەکانی دەستی داعش قەرەبو بکاتەوە، ئەوانەشی لەو تاوانەدا کەمتەرخەم بون و بە سزای یاسایی بگەیەنێت".

باسی له‌وه‌شكرد: لە ئێستادا بە پێویستی دەزانن هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو ئێزیدیانە چڕبکرێتەوە کە لەکاتی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بێ سەروشوێن کراون، کە بەگوێرەی ئامارەکان لە کۆی شەش هەزار کەس، تائێستا چارەنوسی دو هەزار و 500 ئێزدی دەستی داعش نادیارە.

به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وه‌شی وت: هەروەها داوایان لە پەرلەمانی عێراق کردوە لە رێگەی یاسایەک کە رەشنوسەکەی سەرۆکایەتی کۆمار ئامادەی کردوە بۆ رزگاربوانی دەستی داعش پەسەندبکرێت، بۆ ئەوەی ماف و شایستەکانیان دابین بکرێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لە ئێستادا و بەهاوکاری تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان، هەوڵەکان بۆ بە دۆکیومێنتکردن بەڵگە و تاوانەکانی داعش بەردەوامن و لێپرسینەوەش لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرێت کەمتەرخەم بون و بونەتە هۆی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی ئێزیدی لەلایەن چەکدارانی داعش، هەروەها بۆ ئەوەی ئەو روداوە دوبارە نەبێتەوە پێویستە بەرامبەر هۆکار و فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی توندڕەوی نەرمی پیشان نەدرێت.