تەندروستی جیهانی پێشبینی دەكات ڤایرۆسی كۆڕۆنا درێژخایەن بێت

تەندروستی

03/08/2020‌ 499 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لەمیانی گریدانی لیژنەی فریاگوزاری و هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی سەر بە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، هۆشداریدراوە لەوەی رەنگە ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ باسراو بە "كۆڤید-١٩" درێژخایەن بێت.

بەگوێرەی بەیاننامەی رێكخراوەكە، لەكاتی كۆبوونەوەی لیژنەكەدا پێشبینی ئەوە كراوە، كە رەنگە ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆماوەیەكی دوورودرێژ بمێنێتەوە، بۆ ئەوەش هۆشداریداوە لەمەترسییەكانی پشتگوێخستنی ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە، لەژێر سایەی گوشارە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكاندا.

لەبەشێكی بەیاننامەكەدا هاتووە، هێشتا ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی مەترسییە جیهانییەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ بە زۆر مەترسیدار دەزانێت، بۆ ئەوەش جەختی لە گرنگی وەڵامدانەوەی بەردەوامی نەخۆشییەكە لەسەر ئاستی كۆمەڵگەیی و نیشتمانی و هەرێمی و نێودەوڵەتی كردووەتەوە.

لەكۆبوونەوەكەدا، سەرجەمی لیژنەكە، كە لە ١٨ ئەندام و ١٢ راوێژكار پێكدێت، هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا وەك دۆخێكی لەناكاوی تەندروستی گشتی هەژمار بكەن، كە جێگای نیگەرانیی نێودەوڵەتییە.

پێش بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكدا، تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرسۆس، بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی وتی: لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا درێژخایەن دەبێت.

تێدرۆس باسی لەوەش كردووە، كە ئەو نەخۆشییە، قەیرانێكی تەندروستییەو لەسەدەیەكدا یەك جار نموونەی دەردەكەوێت، كاریگەرییەكانیشی بۆ چەند دەیەی داهاتوو دەمێنێتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی