مەسعود بارزانی: پێویستە كۆتایی بەم بارودۆخە ناسرووشتییەی شنگال بهێنرێت و بگەڕێتەوە دەست خاوەنە رەسەنەكانی

کوردستان

03/08/2020‌ 484 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی لە پەیامێكدا بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی كارەساتی كۆمەڵكوژیی شنگال رایدەگەیەنێت "پێویستە كۆتایی بەم بارودۆخە ناسرووشتییەی شنگال بهێنرێت و شنگال بگەڕێتەوە دەست خاوەنە رەسەنەكانی و پێویست دەكات رێوشوێنی وا بگیرێتە بەر كە چیتر كارەسات و زوڵم و تاوان لەدژی ئێزیدییەكان و پێكهاتەكانی تر دووبارە نەبێتەوە".

لە پەیامەكەی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە،: "ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر كارەساتی تاوانی كۆمەڵكوژیی شنگالدا تێدەپەڕێت. كارەساتێك كە تێیدا تیرۆریستانی داعش بە شێوەیەكی دڕندانە تاوانیان بەرانبەر خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجام دا. ئەو تاوانە برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان و هەرگیز لەبیر ناكرێت. لەم كارەساتەدا ئێزیدییەكان بەهۆی كوردبوون و بەهۆی ئایین و بیروباوەڕییان كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و جەهل و بێویژدانیی تیرۆریستان".

دەقی پەیامەكەی بارزانی بۆ شەشەمین ساڵیادی كارەساتی كۆمەڵكوژیی شنگال

بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر كارەساتی تاوانی كۆمەڵكوژیی شنگالدا تێدەپەڕێت. كارەساتێك كە تێیدا تیرۆریستانی داعش بە شێوەیەكی دڕندانە تاوانیان بەرانبەر خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجام دا. ئەو تاوانە برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان و هەرگیز لەبیر ناكرێت. لەم كارەساتەدا ئێزیدییەكان بەهۆی كوردبوون و بەهۆی ئایین و بیروباوەڕییان كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و جەهل و بێویژدانیی تیرۆریستان. ئەوەی تاوانبارانی داعش لەدژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا درێژەكراوەی ئەو زنجیرە كارەسات و تاوانانە بوو كە بە درێژایی مێژوو دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.

لەم یادە دڵتەزێنەدا بە بەرزی یادی شەهیدان و قوربانیانی شنگال دەكەینەوە. هاوكات یادی ئەو پێشمەرگە قارەمانانانەیش دەكەینەوە كە بە خوێنی خۆیان شنگال و چیای شنگالیان لە دەست تیرۆریستان ئازاد كرد و مەردانە تۆڵەی ئەو كارەساتە دڵتەزێنەیان لە تیرۆریستان كردەوە.

بە پێویستی دەزانم لێرەدا جارێكی تر جەخت لەوە بكەمەوە كە بە هەموو توانایەكمەوە پشتیوانی داواكاریی خوشك و برا ئێزیدییەكان دەكەم بۆ ئەوەی سەربەرزانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ژیانێكی ئاسوودە و ئارام و دوور لە ستەمكاری و چەوساندنەوەیان هەبێت و بتوانن كاروباری خۆیان لە ناوچەكانیان بەڕێوە ببەن. جێگەی داخێكی زۆرە دەڤەری شنگالیش لە دوای ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر كەوتە بەر كاریگەریی پیلانی ناحەزانی خەڵكی كوردستان. ئەو كات بۆ ئەوەی ڕێگە لە كارەساتی تر و خوێنڕشتنی نێوان ئێزیدییەكان بگیرێت وا ڕێككەوتن كرا كە كۆنتڕۆڵی شنگال بدرێتە ئێزیدییەكان و ئێزیدییەكان هەر خۆیان ئیدارەی شنگال و ناوچەكانیان بكەن، بەڵام هەتا ئێستایش حكوومەتی عێراقی پابەندی ئەو ڕێككەوتنە نەبووە و شنگال كەوتووەتە دەست خەڵكی تر. هەر بۆیەش هەتا ئێستا ئێزیدییەكانی دەڤەری شنگال لە ژیان و داهاتوویان دڵنیا نین و بۆ ناوچەكانیان نەگەڕاونەتەوە و هەر لە دۆخی ئاوارەیی و ژیانی كەمپەكاندا ماونەتەوە كە لە ڕاستیدا ئەوەیان زوڵمێكی گەوەریە.

بۆیە پێویستە كۆتایی بەم بارودۆخە ناسرووشتییەی شنگال بهێنرێت و شنگال بگەڕێتەوە دەست خاوەنە ڕەسەنەكانی و پێویست دەكات ڕێوشوێنی وا بگیرێتە بەر كە چیتر كارەسات و زوڵم و تاوان لەدژی ئێزیدییەكان و پێكهاتەكانی تر دووبارە نەبێتەوە.

لەیادی كارەساتی كۆمەڵكوژیی شنگالدا دڵم بەردەوام لەگەڵ خوشك و برا ئێزیدییەكانە و هاوخەمی كەسوكاری قوربانیانی ئەو كارەساتە ناخهەژێنەم. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شنگال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان.

مسعود بارزانی

3ـی 8ـی 2020