حەلبوسی: پەلە بكرێت بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی تیرۆر

عیراق

03/08/2020‌ 484 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران جه‌ختى كردەوە لەسەر كاركردنی بەپەلە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی تیرۆر،سەرلەنوێش پشتیوانی خۆی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری بۆ رۆڵەكانی ئێزیدییەكان و سەرجەم كەمایەتییەكان و پێكهاتەكانی عێراق دوپاتكردەوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ دووشەممە رایگه‌یاند: "بە خەم و پەژارەیەكی زۆرەوە یادی ئەو تاوانە دڕتدەیە دەكەینەوە كە تیرۆریستانی داعش دەرحەق بە رۆڵەكانی پێكهاتەی ئێزیدی ئەنجامیاندا لە كوشتن و كۆچپێكردنیان، سەرلەنوێ سەركۆنەی ئەو كردەوە تیرۆرستییە ترسنەكانە دەكەین كە نوێنەرایەتی هیچ دینێك ناكات، و كردەوە لەو جۆرە لە مرۆڤ ناوەشێتەوە".

حه‌لبوسی سەرلەنوێ پشتیوانی خۆی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری بۆ رۆڵەكانی ئێزیدییەكان و سەرجەم كەمایەتییەكان و پێكهاتەكانی عێراق دوپاتكردەوە كە دوچاری كردەوە تیرۆریستیەكان بوون.

تەئكیدیشی كردەوە لەسەر كاركردنی بەپەلە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوانی تیرۆر، و سەقامگیری دانیشتوانی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی كردەوە تیرۆریستیەكان،و گرنگی بەدیهێنانی ئاشتی كۆمەڵایەتی.

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیشی كردەوە لەسەر گرنگی بەدیهێنانی پێشكەوتن لە دۆسەی بێسەروشوێنانی شارە ڕزگاركراوەكان، كە دایك و هاوسەرانیان دانبەخۆداگرتن ماندووی كردوون لە ساڵانی ڕابردوودا، بێ ئەوەی چارەنوسیان بزانن تا ئەم ساتە.