عێراق كاركردنی به‌ یاداشتێكی له‌گه‌ڵ توركیا ڕاگرت

عیراق

03/08/2020‌ 2637 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیه‌نێت، حکومەتی وڵاتەکەی کارکردنی بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ساڵی 2009 لەگەڵ تورکیا راگرتووە.
 
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە کارکردن بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ساڵی 2009 لەگەڵ تورکیا بوەستێنێت، بۆیە هاوشێوەی تورکیا، پێدانی ڤیزای لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان بە هاووڵاتییانی تورکیا راگرتووە، ئەوەش وەکو بنەمای مامەڵەکردنی بەرامبەر.
 
به‌ڵام عەلائەدین قەیسی، وتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رەتیکردەوە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق هیچ بڕیارێکی لەبارەی داخستنی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل دابێت و وتی، دەروازەکە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی نییە و پەیوەندیی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
 
هاوکات کامی کەمال، گوتەبێژی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل رەتیکردەوە کە دەروازەکە بەڕووی کاری بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا داخرابێت.