كەی شووتی دەبێتە مەترسی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ؟

تەندروستی

04/08/2020‌ 919 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لەگەڵ ئەوەی شووتی گەلێك سوودی تەندروستی بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە، بەڵام شارەزایان دەڵێن: دەبێت لەكاتی كرینی شووتیدا لەڕووی پاكوخاوینییەوە بەشێوەیەكی دروست مامەڵەی لەگەڵدا بكەین ئەگەرنا زیانی تەندروستی دەبێت.

بیارتیز رۆبڵز پسپۆری بواری خۆراكی دەڵێت: دوای كڕینی شووتی بزانین چۆن مامەڵەی لەگەلدا دەكەین، یەكەم هەنگاویش بریتییە لەشووشتنەوەی بەئاو و فڵچە.

رۆبڵز هۆشداریداوە لەوەی ژمارەیەكی زۆر لە تەنۆكەی ورد لەسەر رووی شووتییەكە هەیە، كە هۆكارن بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی وەك سالمۆنیلا و لیستیریا و ئیشیریشیا كولی. 

وتیشی: ئەگەر لەسەرەتا و پێش قاشكردنی باش نەشۆرێتەوە ئەوە ئەو تەنۆكە وردانە دەچنە ناوییەوە .

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە باشتریشە دوای قاشكردنی شووتییەكە ئەو بەشەی دەمێنێتەوە راستەوخۆ بخرێتە ناو بەفرگرەوە.

سەبارەت بە سوودەكانی شووتی ئەو شارەزایە وتی: شووتی میوەیەكی نموونەییە بۆ لەدەستدانی كێش بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی كەم گەرمۆكە (كالۆری) تێدایە واتە (بۆ هەر ١٠٠ گرام ٣٨ كالۆری تێدایە) و تاڕاددەیەك هیچ جۆرە چەورییەكی تێدا نییە .

لەهەمان كاتدا شووتی دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەكانی A ، B1 ، B2 ، B6 ، B9 ، C ، E ، H و كانزاكانی وەك فسفۆڕ و پۆتاسیۆم و ئاسن و زینك و مەگنیسیۆم و كالیسیۆم و سۆدیۆم.

جگە لەوانەش ژمارەیەكی زۆر لە دژە ئۆكسێنەكانی تێدایە بەتایبەتی ماددەی لیكۆبین، كە بەشێوەیەكی باش یارمەتی پاككردنەوەی جگەر و گورچیلە دەدات .

وەرگێڕان: ئاكۆ  ئاڵی