روسیا بە ئاسانی دەتوانێت هێزی ئاسمانی بەریتانیا پەكبخات

جیهان

04/08/2020‌ 1101 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دایڤید ئەكس، پەیامنێری گۆڤاری فۆربسی ئەمەریكی، بەپشتبەستن بەراپۆرتێكی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا، باسی لە توانای روسیا بۆ بێكاریگەركردنی هێزی ئاسمانی شاهانەیی بەریتانیا كردووە.

بەگوێرەی پەیمانگای شاهانەیی هاوبەش بۆ لێكۆڵینەوەكانی بواری بەرگری، هێزە ئاسمانییەكانی بەریتانیا هەشت پۆل لەفرۆكەی جەنگییان هەیە، كە بەشێكیان لە فرۆكەی جەنگی "ئێف-٣٥ بی " پێكدێن، ئەوانی تر هەموویان لەفرۆكەی جۆری "تایفۆن"ن.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی ئەكس، گرفتی سەرەكی هێزی ئاسمانی بەریتانیا لەوەدایە، كە هەموو فرۆكە بەریتانییەكان لەجۆری "تایفۆن" لەهەردوو بنكەی ئاسمانی  كۆنینگسبی و لوسیماوسدا جێگیركراون، كە هیچ جۆرە سیستەمێكی بەرگری ئاسمانیان تێدا نییە، لەبەر ئەوە ئەو دوو بنكەیە بەئاسانی لەلایەن ئەو ڕكابەرانەوە بەئامانج دەگیرێن، كە خاوەنی سیستەمی موشەكی دوورمەودان.

گۆڤارەكە نموونەی بەروسیا هێناوەتەوە بەوەی، ئەو وڵاتە خاوەنی موشەكی بالیستی و پەروانەداری ئەوتۆیە، كە لەمەودای زۆر دووردا دەتوانن ئامانجەكانیان بپێكن‌و نووسەری بابەتەكەش بەشێوەیەكی تایبەتی ئاماژەی بە موشەكی "كالیبەر" كردووە، كە رادارەكان ناتوانن ئاشكرای بكەن، ئەوە جگە لە موشەكی " ئەڤانگارد"ی سەروو دەنگ.

بەپێی قسەی ئەو، بەریتانیا دەتوانێت موشەكی جۆری "ئێس ئێم -٣" بەكاربهێنێت، بەڵام ناتوانێت پارێزگاری تەواو دەستەبەر بكات و بەرپەرچی موشەكە ڕوسییەكان بداتەوە، كە بەوە جیادەكرێنەوە خێراییەكەی لەڕاددەبەدەریان هەیە.

سەرباری ئەوە، بەریتانیا سیستەمی دژە موشەكی دروستكراوی ناوخۆی نییە، لەبەر ئەوە ئەگەر لەلایەن دوژمنەكانییەوە پەلاماری بدرێت، ئەگەر بێت و پێشوەختە داوای یارمەتی لە هاوپەیمانەكانی نەكردبێت، ئەوە ئەو گورزەی بەریدەكەوێت كوشندە دەبێت.

وەرگێڕان:  ئاكۆ ئاڵی