ئیسرائیل هەڕەشەی رووبەڕووبونەوەی روسیا لەسوریا دەكات

جیهان

04/08/2020‌ 965 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی ئێران دەستی كرد بە گواستنەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ سوریا، كە توانای ئەوەیان هەیە نەك هەر موشەكە ئیسرائیلییەكان تێكبشكێنن ، بەڵكو دەتوانن لەمەودای ١٨٠ بۆ ٢٠٠ كیلۆمەتر بەسەركەوتوویی هێرش بكەنە سەر فرۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، بۆیە تەلئەبیب بەئاشكرا هەڕەشەی ئەوەی كردووە، كە بەهۆی پابەند نەبوونی مۆسكۆ بە بەڵێنەكانییەوە لەسوریا رووبەرووی ئەو وڵاتە دەبێتەوە، كە بەڕوونی دیارە هەڕەشەكەی ئیسرائیل خۆی لەوەدا دەبینێتەوە ئەگەر بێت و پێگەكانی روسیا لەنزیك ئامانجەكانی ئێرانەوە بن ئەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەكرینە ئامانج.

لە ١٧ ی تەمووز، بینی گانتسی وەزیری بەرگری ئیسرائیل و سێرگی شویگۆی وەزیری بەرگری روسیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە، كە بەگوێرەی پێگەی Breaking Defense ، گانتس نیگەرانییەكانی ئیسرائیلی گەیاندووەتە روسیا لەوەی سوریا سیستەمی بەرگری ئاسمانی جۆری "خورداد -٣"و "پاڤار ٣٧٣" وەربگرێت.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی  Nezavisimaya Gazet ی روسی، جولەكەی ئۆراسی ئاریێل پۆڵشتاین سەرۆكی پرۆژەی دیبلۆماسییەتی گشتی لە كۆنگرێسی ئەمەریكا، كە وەك كەسێكی نزیكی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیری ئیسرائیلیش هەژمار دەكرێت، هۆشداریداوە لە گواستنەوەی چەكی نوێ و مەترسیدار بۆ ناوچەكە، كە ژمارەیەكی زۆر هێزی توندرەو ورادیكاڵی لێیە و ناكرێت هیچ كەس لەناویاندا ئیسرائیل نیگەران نەبێت.

بەگوێرەی قسەی پسپۆڕان، روسەكان ئێران وەك دەوڵەتێكی توندڕەو هەژمار ناكەن، هەروەك پێشیان وانییە سیستەمە بەرگرییەكانی ئێران زۆر مەترسیدار بن، بەڵام چاودێران دەڵێن: ئەگەر بێت و ئێران دەست بكات بە گواستنەوەی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەكانی بۆ سوریا، ئەوە بەدڵنیایی بۆ ئەوە ڕێكەوتنی لەگەڵ روسیا كردووە، كە هەردوو دەوڵەت یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش یارمەتیدانی رژێمی سوریایە بۆ ئەوەی دەست بەسەر هەموو خاكی سوریادا بگرێتەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی