هەر پارێزگایەكی گەورەی عێراق دەكرێتە 3 بازنە و پارێزگا بچووكەكان دەكرێنە 2 بازنەی هەڵبژاردن

عیراق

05/08/2020‌ 1145 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حەسەن خەڵڵاتی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی عێراقییون ئاشكرایكرد، بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هەر پارێزگایەكی گەورە دەكرێتە سێ بازنەی هەڵبژاردن‌و پارێزگا بچووكەكانیش دەكرێن بە دوو بازنەی هەڵبژاردنەوە، روونیشیكردووەتەوە، كە ئەو بەروارەی بۆ هەڵبژاردنەكان دیاریكراوە گونجاوە و دەكرێت هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام بدرێت .

خەڵڵاتی لەلێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە، بەهۆی پێشوازی كوتلە سیاسییەكان، دیارە ویستی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەئارادایە، چەند داواكارییەكیش هەیە بۆ ئەوەە هەڵبژاردنەكانی لەو كاتە زووتر بەڕێوە بچن، كە سەرۆك وەزیران رایگەیاندووە.

پەڕلەمانتارەكەی هاوپەیمانی عێراقییون روونیكردووەتەوە، ئەو كاتەی سەرۆك وەزیران بۆ هەڵبژاردنەكانی دیاریكردووە دەرفەتی تەواو دەداتە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن تەواو بكەن، كوتلە سیاسییەكانیش یەكلاییبوونەتەوە لەوەی هەڵبژاردنەكان بە فرە بازنەیی بەڕێوە بچێت، بەڵام هێشتا جیاوازی بۆچوون لەسەر شێوە و ژمارەی بازنەكان لەهەر پارێزگایەك ماوە.

بەقسەی خەڵڵاتی پارێزگا گەورەكان دەكرێن بەسێ بازنەی هەڵبژاردنەوەو پارێزگا بچووكەكانیش دوو بازنەی هەڵبژاردن دەبن، وتیشی: ئەگەری زۆرە هەڵبژاردن لەو بەروارەدا بەڕێوە بچێت، كە دیاری كراوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ  ئاڵی