شارپرێس:
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت: پێشبینی ئەوە دەكەین لەچەند ڕۆژی داهاتوودا دۆخی هەولێر لەڕووی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بەرەو خراپتر بڕوات.
هێمن قادر دەشڵێت: هەر پێرێ نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر جێگەی ئەوەی نەمابوو نەخۆشی لێوەربگیرێت.
قسەكانی جێگری پارێزگاری هەولێر لەمیانی گفتوگۆیەكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكاو ئاماژە بەوەش دەكات، كە كێشەی كەمی ئۆكسجین لەنەخۆشخانەكانی هەولێر چارەسەركراوەو دەڵێت: ئێستا كێشەكە نەماوە ئۆكسجینی باش دابین دەكرێت، بەڵام سیستەمی پێدانی بەنەخۆشەكان وەكو پێویست نییە، چونكە لەساڵی 1984 ەوە لەلایەن كۆمپانیایەكی یابانییەوە دروستكراوە ئەو كەلوپەلانەی ماوەیان بەسەرچووە و نییە له بازاڕ یەدەگی بۆ بكڕین.
چەند رۆژێكە ژمارەی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەشاری هەولێرو دەوروبەری رووی لەبەرزبوونەوە كردووەو بەو هۆیەشەوە بەرپرسانی شارەكە بە بەردەوامی هۆشداری دەدەن.
هـ ـ ح