ئاڵۆزی نێوان جوتیارانی كورد و عەرەب و دەستوەردانی سیاسی

لە میدیاکانەوە

06/08/2020‌ 573 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كێشەی خاوەنداریكردنی هەزاران دۆنم زەوی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان لەنێوان جوتیارانی كورد و عەرەب جارێكی تر سەریهەڵداوەتەوە، عەرەبەكان هەوڵی گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانە دەدەن، كە لە ساڵی 2003 جێیانهێشتووە، كوردەكانیش ئامادەنین ناوچەكەیان بۆ جێبهێڵن، بۆیە ناو بەناو شەڕ و ئاڵۆزی ڕوودەدات.

بەپێی راپۆرتێكی دەنگی ئەمریكا، كێشەی خاوەنداریكردنی ئەو ناوچانە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی بەعس، كاتێك حكومەتی عێراق لە ناوەڕاستی هەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا، سەدان گوندی بەكوردەكان چۆڵ كرد و عەرەبی لەجێگەیان نیشتەجێ كرد، بەڵام لە ساڵی2003 كاتێك بەعس ڕووخا، كوردەكان جارێكی تر گەڕانەوە بۆ گوندەكانیان، لەئێستادا ئەو ناوچانە كەوتووەتەوە دەست عێراق، عەرەبەكان دەیانەوێت جارێكی تر كوردەكان دەربكەنەوە.

هەرچەندە كێشەی خاوەنداریكردنی زەوییە كێشە لەسەرەكان یاساییە، بەڵام دەستوەردانی لایەنە سیاسییە عێراقی و كوردییەكان، كێشەكەی ئاڵۆزتر كردووە، لە كێشەی یاساییەوە گۆڕیویەتی بۆ كێشەی سیاسی، بۆیە مەترسی پێكدادانی عەشایەری لەنێوان جوتیارانی كورد و عەرەب لە ئارادایە.

سامی رەفعەت ئەندامی ئەنجومەنی قەزای داقوقی باشوری كەركوك لەو بارەوە وتی: دەبێت هەرێم و بەغدا گرفتی خاوەنداریكردنی گوند و زەوییە كێشەلەسەرەكان یەكلایی بكەنەوە، ئەگەرنا شەڕە بەرد و داری نێوان جوتیاران، هێندەی تر ئاڵۆزی لێدەكەوێتەوە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، شەڕە بەرد و دار لەنێوان جوتیارانی كورد و عەرەب لە ناوچەی هەفتەغاری قەزای داقوق ڕوویدا، كاتێك ژمارەیەك عەرەبی گوندنیشین بە پاڵپشتی سوپای عێراق، هەوڵی گەڕانەوە بۆ گوندە كوردنیشینەكان و دەركردنی كوردەكانیاندا، بەڵام دواتر دۆخەكە بەشێوەیەكی كاتی هێوركرایەوە.

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق و وەزارەتی كشتوكاڵ و دادی عێراق، ڕایانگەیاند، كێشەی خاوەنداریكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان ڕەوانەی دادگا كردووە، تا دادگا كێشەكە بە پێی یاسا یەكلای بكاتەوە، بەڵام یەكلایی كردنەوەی كێشەكە بەیاساش ئاسان نیە.

سامی رەفعەت، ئاماژەی بەوەشكرد كێشە چووە دادگا زۆری پێدەچێت، دەبێت هیچكام لە جوتیارە كورد و عەرەبەكان لە زەویەكان نزیك نەبنەوە، تا دادگا بڕیار دەدات، ئینجا گرفتێكی تریش ئەوەیە، جوتیاری كورد گرێبەستی كشتوكاڵی ساڵانی شەستەكانی هەیە، دواتر عەرەب هێنراوە و بەعس گرێبەستی بۆ ئەوانیش كردووە، وتی"جوتیار چاوەڕێی دادگا ناكات، لایەك زەویەكان دەكێڵێت، لاكەی تریش گرفت دروست دەكات."

گرفتی نێوان جوتیارانی كورد و عەرەب بە چڕی پارێزگای كەركوك و سەڵاحەدینی گرتووەتەوە، ئیدارەی كەركوك بەوە تۆمەتباردەكرێت بووەتە بەشێك لەكێشەكان و پشتگیری جوتیارە عەرەبەكان دەكات، بەڵام قایمقامی قەزای خورماتوو، كە توركمانێكی شیعە مەزهەبە، تائێستا نەچووەتە ژێر باری جێبەجێكردنی نوسراوەكانی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ پشتگیری كردنی جوتیارانی عەرەب.

هەروەها ئاكۆ سەباحی موختاری گوندی ئەلبوسەباحی نزیك خورماتوو، بەدەنگی ئەمەریكای وت: ئێمە جێبەجێكردنی مادەی 140 مان دەوێت، ئەو مادەیە كێشەی خاوەندارێتیكردنی گوند و زەویەكانی چارەسەر كردووە."

وتیشی: دەمانەوێت كێشەكە بەیاسا چارەسەر بكرێت، بەڵام عەرەبەكان دەزانن كورد ئێستا لاوازە، دەیانەوێت مەسەلەكە بكەنە عەشایەری.

گرفتی نێوان جوتیارانی كورد و عەرەب تەنیا پێكدادان و ئاڵۆزی لێنەكەوتووەتەوە، بەڵكو لەكاتی وەرزی دروێنەشدا، ساڵانە سەدان دۆنم زەوی دەسوتێنرێت و جوتیارێكی زۆر توشی زیان دەبێت.