دۆناڵد ترامپ نیازی نییە ئاشتیخوازانە دەسەڵات ڕادەست بكات

ڕاپۆرت

06/08/2020‌ 2043 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی ئیندپێندێنتی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، ئەگەر لە هەڵبژاردنەكانە سەرۆكایەتییەكەی نۆڤەمبەری ئایندەدا بدۆڕێت، لەوانەیە هەوڵ بدات دەست بە كورسی سەرۆكایەتییەوە بگرێت و چۆڵی نەكات.

لەو بارەوە جیمس كلیبۆڕن- ی سەرۆكی زۆرینە لە ئەنجوومەنی نوینەرانی ئەمریكا پێی وایە تڕەمپ نیازی ئەوەی نییە ئاشتییانە دەسەڵات ڕادەستی جۆ بایدن- ی پاڵێوراوی دیموكراتەكان بكات، كە لە زۆرێك لە ڕاپرسییەكاندا لە پێشەوەی ترامپ- ەوەیە.

یەكشەممەی ڕابردوو، سلیبیرن- ی كۆنگرێسمانی دیموكراتەكان بۆ تۆڕی هەواڵی CNN ی وتی: پێم وانییە ترامپ پلانی ئەوەی هەبێت كۆشكی سپی جێبێڵێت، نیازیشی نییە پلان بۆ هەڵبژاردنیكی پاك و بێگەرد دابڕێژێت، بەڵكو بە جۆرێك لە جۆڕەكان پلانی خۆجێگیركردنی خودی خۆی هەیە.

ترامپ هەفتەی ڕابردوو لە تویتێكدا و بە پاساوی تەنگژەی كۆڕۆنا بیرۆكەی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی خستووەتەڕوو، ترامپ وتی: دەبێت دەنگدان دوابخرێت، تا گەلی ئەمریكا بتوانێت بە سەلامەتی و ڕێبازی گونجاو دەنگی خۆی بدات.

ترامپ لە واڵەكەی خۆی لە تویتەر پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت: لەوانەیە هەڵبژاردنەكانی 2020 ساختەكاری تێبكەوێت، چونكە بە هۆی كۆرۆناوە ملیۆنەها ئەمریكی ناچاردەبن لە ڕێگەی ئەلەكترۆنییەوە دەنگبدەن.

شارەزایانش گومانیان خستووەتەسەر ڕاستی و دروستی ئەو پەیامەی ترامپ، ئاماژەشیان بەوە داوە، كە توێژینەوەكانی پێشوو دەریانخستووە، ئەنجامدانی ساختەكاری لە دەنگدان لە ئەمریكا زۆر دەگمەن ڕوویداوە. 

دوو توێژینەوەی ساڵانی (2012 و 2016) ی زانكۆی ویلایەتی ئەریزۆنا گەیشتوونە ئەو ئەنجامەی، كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵانی (2000 و 2012 ) دا تەنیا 10 حاڵەتی ساختەكاری ڕوویانداوە.

یاسادانەرانی كۆنگرێس پیشنیاری دواخستنی هەڵبژاردنەكانیان ڕەتكردووەتەوە، چەند كۆنگرێسمانێكی كۆمارییەكانیش لەگەڵ ئەو ڕەتكردنەوەیە بوون.

ماڕكۆ ڕۆبیۆ-ی كۆنگرێسمانی كۆماری وتی: ترامپ دەتوانێت ئەوەی پێی خۆشە پێشنیاری بكات، بەڵام یاساكان هەر وەك خۆیان جێبەجێ دەكرێن.

دواخستنی هەڵبژاردنەكانیش پێویستی بەوەیە لەكۆنگرێس دەنگدانی لەسەر بكرێت، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران (كە لە دوومیاندا دیموكراتەكان زۆرینەن) دەبێت لەسەری ڕەزامەندبن و دەنگی بۆ بدەن.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی 218
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر