فراكسیۆنی پارتی: مشتومڕێكی زۆر لەسەر هەڵبژاردن و یاساكانی هەیە

کوردستان

08/08/2020‌ 466 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا عێراق كێشەی گەورەی هەیە لە یاسای هەڵبژاردندا و لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردنیش گرفت زۆرە، بۆیە هیچ هەڵبژاردنێك ناكرێت.

ئارام ناجی باڵەتەیی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی بۆ میدیای حیزبەكەی وتی: ئەو ناكۆكی و كێشانەی لە یاسای هەڵبژاردندا هەن، كێشەی كۆن و قووڵن لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا و هەندێك لایەن پێیان وایە هەڵبژاردن لەسەر ئاستی پارێزگا بێت و هەندێكی دیكەش پێیان باشە بكرێتە چەندین بازنە.

وتیشی: ئەوە لەلایەك، لە لایەكی ترەوە ڕەخنەی زۆر لەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەسەر دانانی كادری ناوەندی هەیە و ئەم كۆمسیۆنە شارەزاییەكی باشیان نییە، بۆیە كێشە كەوتووەتە نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە.

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، رۆژی ٦/٦/٢٠٢١ـی دیاری كردووە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەندێك لایەنی عێراقی دەڵێن: دەبێت هەڵبژاردن زووتر لە كاتی خۆی بكرێت. 

لەو بارەیەشەوە باڵەتەیی دەڵێت: جگە لەم كێشانە، عێراق كێشەی دارایی هەیە و كەوتووەتە قەیرانێكی قووڵەوە، بۆیە ناتوانێت هەڵبژاردن لەمساڵدا بكات.

هـ ـ ح