مافی مرۆڤی عەفرین تاوان‌و پێشێلكارییەكانی گروپە چەكدارییەكانی سەر بە توركیا دەخاتە روو

کوردستان

09/08/2020‌ 446 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
 ڕێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند، پاسەوانی سنووریی توركیا مێردمنداڵێكی ١٦ ساڵیان كوشتووە، كە لەترسی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی سوریا دەیویست سنووری توركیا ببەزێنێت.

ڕێكخراوەكە لە بڵاوكراوەیەكیدا، كە لە پەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە راشیگەیاند، لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی سوریا لەساڵی ٢٠١١ ، تائێستا زیاتر لە ٤٦٤ هاووڵاتی مەدەنی سووری لەسەر دەستی پاسەوانی سنووریی توركیا كوژراون.

لەبەشێكی تری بڵاوكراوەكەی ڕێكخراوەكەدا هاتووە، كە گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە توركیا، لەمانگی تەمموزدا ٧٨ كەسی مەدەنیان لەعفرین ڕفاندووە، كە چواریان ئافرەت بوون، هەروەك ١٢ كەسی مەدەنی، كە دوویان ئافرەت بوون، لەسەر دەستی گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە توركیا تووشی ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆر دراون.

هەروەك چۆن چەندین ڕێكخراوی بواری مافی رۆڤ و دەزگای راگەیاندن باسیان لەوە كردووە، لەوكاتەوەی لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٨ وە هەرێمی عەفرین داگیر كراوە، گرووپە چەكدارییە توندرەوەكانی سەر بە توركیا بەشێوەیەكی بەردەوام تاوان و پێشێلكاریان دەرحەق بە خەڵكی ناوچەكە ئەنجامداوە، كە هەندێكیان دەگەنە ئاستی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، لەگرنگترینیان "پاكتاوی نەژادی و رفاندن و كوشتن و دەستدرێژی سێكسی و تاڵانی بردنی ماڵ و موڵكی خەڵك".

لەمانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٩ ، لیژنەی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوە سەربەخۆكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، راپۆرتێكی بڵاوكردەوە، كە تێیدا گرووپە چەكدارییەكانی عفرینی تۆمەتبار كردبوو بەوەی تاوانی جەنگیان لەناوچەكەدا ئەنجامداوە، لەوانە بەبارمتەگرتنی خەڵك و مامەڵەی توندوتیژانە و ئەشكەنجەدان و تاڵان و ڕاورووت.

لەمانگی ئازاری ئەمساڵیشدا، جارێكی تر لیژنەكە رایگەیاند، بەڵگەی ئەوەی دەستكەوتووە، كە دەسەلمێنێت ئەو گروپە چەكداریانەی عەفرین، كە توركیا پشتیوانیان لێدەكات تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، وەك كوشتنی بەئەنقەست و تاڵانی و دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵكی خەڵكی مەدەنی، كە ئەوەش پێشێلكردنێكی ترسناكە بۆسەر مافی بەهرەمەندبوون لە موڵكداری.

بەپێی راپۆرتەكە، لەدوای دەستگرتنی سوپای توركیا و گرووپە چەكدارییە توندرەوەكان بەسەر ناوچەی عەفرینی زۆرینە كورد،  نزیكەی سەد هەزار كەسی خەڵكی رەسەنی ناوچەكە،  لەژێر سایەی دۆخێكی ئەمنی و ئابووریی سەختدا دەژین .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی